بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مستەفا بەرغوسی وتی: یەحیا سینوار فەرماندەی تێکۆشەر لە کاتێکدا شەڕی هێزەکانی سوپای ئیسرائیلی دەکرد کە بە جلی سەربازییەوە لە گۆڕەپانی شەڕدا بوو و وەک سەربازێک شەهید کرا، گەلی فەڵەستین وەک قارەمانێکی خەباتگێڕ کە شەڕی کرد و گیانی لە ڕێگای گەلەکەیدا بەخت کرد، لەو دەڕوانێت.
ناوبراو وتی: شەهیدبوون لای تێکۆشەرانی فەڵەستینی کارەسات یان شکست نییە بەڵکوو باڵاترین شتێکە کە تێکۆشەرێکی فەڵەستینی ئارەزووی دەکات. تیرۆری سینوار دەسکەوت یان سەرکەوتنێک بۆ ئەوان نییە. ئەوە ڕژێمی داگیرکارە کە شکستی هێناوە، لە بەر ئەوەی کە ئەوان نەیانتوانی شوێنی بدۆزنەوە و بەڵکوو سینوار بوو کە ئەوانی دۆزییەوە و شەڕی ئەوانی کرد.
ئەمینداری گشتی پرۆژەی نیشتمانیی فەڵەستین وتی: ئیسرائیل شکستی هێناوە و سەرکەوتوو نییە و سەرجەم درۆکانی سەبارەت بە سینوار و وێنە و کەسایەتی ئەو ئاشکرا و ڕیسوا کرا. سینوار لە تونێلێکی ژێر زەویدا خۆیی حەشار نەدابوو بەڵکوو ئەوەی لە تونێلەکاندا خۆیی حەشار داوە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە. سینوار لە پشتەوەی کەسانی سڤیل یان دیلەکان خۆیی نەشاردبووە، بەڵکوو قارەمانێکی تێکۆشەر بوو کە لە هێڵی یەکەمی شەڕدا بوو و خەباتی دەکرد.
بەرغوسی وتی: نتانیاهۆ بە شەهیدبوونی سینوار ئەو بیانووەی بۆ درێژەدان بە شەڕی دژ بە غەززە لە دەست دا و بۆ هەمووان ڕوون دەبێتەوە کە ئامانجەکەی پەرەپێدانی داگیرکاری و تاوانی زیاترە لە دژی گەلی فەڵەستین./.