بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ستراتیژیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە کە ” ڕژێمی داگیرکار و خوێنمژی زایۆنیستی کە پلانی لەناوبردنی فەڵەستین و فەڵەستینییەکانی داڕشتووە و بۆ ئەمەش لە جێبەجێکردنی تاوانەکانیدا پشت بە هاوکارییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی دەبەستێت، چەندین سەرکردەی بەرەی خۆڕاگریی وەک شەهیدان ئیسماعیل هەنیە و سەید حەسەن نەسروڵڵای تیرۆر کرد و دوا جاریش شەهیدی تیکۆشەر یەحیا سینواری تیرۆر کرد، بێ ئاگا لەوەی کە بەرەی خۆڕاگری بە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ناوەستێندرێت و کەسانی دیکە شوێنی ئەوان دەگرنەوە و ئەم خەبات و ڕاپەڕینە جەماوەرییە بەردەوام دەبێت “.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ” هەوڵ و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە درێژەدان بەم شەڕە و کوشتاری مرۆڤە بێ تاوانەکان بە ئامانجی کوژاندنەوەی ئاگری توڕەیی خەڵک و بەرەی خۆڕاگری، سوودێکی نییە و ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپیش کە بە ناردنی چەکی کوشندە پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن، پێویستە ڕێگری لەو هەوڵانە نەکەن کە بە ئامانجی ڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەست لە ناوچەکەدا دەکرێت. تەنیا کۆتایی شەڕ و خوێنڕشتن، ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان، گەڕانەوەی ئاوارەکان و دابینکردنی تەواوی مافی فەڵەستینییەکان، بە پێی پرۆژەی گشتپرسیی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ڕادەستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، دەتوانێت بەستێنی گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە دابین بکات “./.