بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی کە ڕۆژانی هەینی و شەممەی ڕابردوو لە تورکیادا بوو، لە چاوپێکەوتنی کەناڵی NTV سەبارەت بە تیرۆری شەهید یەحیا سینوار وتی: تیرۆری شەهید سینوار چالاکییەکانی حەماس ڕاناگرێت، بە پێچەوانەوە ورە و تێکۆشانی گەنجانی فەڵەستینی زیاتر دەکات و حەماس بە ئەزموونەکانیەوە بەهێزتر درێژ بە ڕێگای خۆی دەدات.
وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ئامادەیی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ئەوەی کە ئێران پێشتر کردوویەتی، بە تەواوی بەرگری ڕەوا بووە و بۆ وەڵامی هەر هێرشێک ئامادەین و هەر هێرشێک وەڵامی هاوشێوەی دەبێت، ئێران بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەیە، ئێمە تەواوی ئامادەکاریمان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم هێرشە کردووە.
سەید عەباس عێراقچی سەبارەت بە هەڕەشەی بۆردومانکردنی دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە، وتی: لە بنەڕەتدا هەر هێرشێک هێڵی سوورە بە لای ئێرانەوە و بە هیچ شێوازێک بێ وەڵام نامێنێتەوە، لە ڕاستیدا ڕژێمی زایۆنیستی هەر هێرشێک بکات هاوشێوەی وەڵام دەدرێتەوە، دوای ناخەین و لە هەمان لاتیشدا پەلە ناکەین، ڕژێمی زایۆنیستی وەڵامی هەر هێرشێکی لە دژی ئێران وەردەگرێت.
ناوبراو وتی: ئێران پێشتر لە وەڵامی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوە سەربازییەکان و هێرش نەکراوەتە سەر دامەزراوە ئابورییەکان یان شوێنە مەدەنییەکان، ئێستا هەموو ئامانجەکانمان دیاریکردووە و هێرشی هاوشێوەمان دەبێت./.