بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە تێکڕای هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەو وڵاتە لە هەفتەی ڕابردوودا گەیشتووەتە 70 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
لە ڕاپۆرتێکی فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکادا هاتووە کە ئەو وڵاتە لە هەفتەی ڕابردوودا تێکڕای ڕۆژانە 5 ملیۆن و 7 هەزار بەرمیلی لە 9 وڵاتەوە هاوردە کردووە.
ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا ڕۆژانە 70 هەزار بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە هاوردە کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو ڕێژەیە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕۆژانە 241 هەزار بەرمیل بووە.
فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە زیاترین هەناردەی نەوتی لە هەفتەی ڕابردوو لە کەنەدا بە 3 ملیۆن و 537 بەرمیلی ڕۆژانە، مەکزیک بە 406 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، سعوودیە بە 314 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و کۆڵۆمبیا بە 223 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە.
ئەمریکا هەروەها 154 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە بەرازیل، 134 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە نایجڕیا، 134 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە ڤەنزوێلا و 35 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەش لە ئیکوادۆر نەوتی هاوردە کردووە.
ئەمریکا گەورەترین بەکارهێنەری نەوتی جیهانە و ڕۆژانە 19 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل – لە سەدا 19.7 ی بەکارهێنانی جیهان – نەوت بەکار دێنێت و پلەی یەکەمی لەم بوارەدا هەیە./.