بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئۆسامە حەمدان ڕۆژی سێ شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی بەردەوامە لە شەڕ و تاوانەکانی لە دژی کەرتی غەززە و لە باکوری غەززە تاوانی پلان بۆ داڕێژراو و ڕێکخراو دەکات کە هەموویان لە چوارچێوەی کوشتاری بەکۆمەڵدان.
ناوبراو وتی: تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە باکوری غەززە بە ئامانجی دەرکردن یان کوشتاری خەڵکە و سەرجەم داواکارییەکانی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە خەڵک ڕەتدەکاتەوە.
حەمدان وتی کە بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی پەڵەیەکی ڕەشە بە ناوچاوانی ئەو کەسانەی کە بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن.
ئەو سەرکردەی بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە و لوبنان بە ئاگاداری و پشتیوانی ئەمریکا دەکرێت.
ڕاشیگەیاند کە خەڵکی فەڵەستین سەبارەت بە داهاتووی غەززە لە پاش شەڕ بڕیار دەدەن نەک ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی./.