بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە کوێت بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی ئەوەی تاوان هەیە بە پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی دەیکات و هەندێک لەوانەش تاوانی شەڕە کە دەکرێت لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
ناوبراو وتی: هێرشی سەر دامەزراوە ناوەکییەکان تاوانێکی گەورەی نێودەوڵەتییە و تەنانەت هەڕەشەکردن لەو دامەزراوانەش، تاوان و بە پێچەوانەی مافی نێودەوڵەتییە.
عێراقچی وتی: دەزانین کە ڕژێمی زایۆنیستی پابەندی هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی نییە.
ناوبراو وتی: دڵخۆش نین کە یاسای نێودەوڵەتی بتوانێت ڕێگری لە ڕژێمی زایۆنیستی بکات، بەڵام بۆ بەرگری لە خۆمان و دامەزراوە ناوەکییەکان شێوازی تایبەتمان هەیە و پشت بەوانە دەبەستین.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەگەر هێرش بکرێتە سەر دامەزراوە ژێرخانییەکانی ئێمە، دوژمنی زایۆنیستی دەزانێت کە دەتوانین چۆن وەڵام بدەینەوە.
سەید عەباس عێراقچی وتی: پەیامی ئێمە بۆ وڵاتانی ناوچەکە بە تەواوی ڕوون و ئاشکرایە و ڕایدەگەێنین کە ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکە دەدات و دەبێت ڕێگری لەم کارەساتە لە ناوچەکەدا بکەین.
ناوبراو وتی: سەرجەم وڵاتانی دراوسێ دڵنیایی ئەوەیان داوە کە موڵەتی بەکارهێنانی خاک و ئاسمانیان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران نادەن.
ڕاشیگەیاند کە لە نزیکەوە چاودێری جموجوڵی سەرجەم بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەین./.