بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان شەوی سێ شەممە لە یەکەم بەشی بەرنامەکانی سەردانەکەی بۆ ڕووسیا لە گەڵ نارندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هیندستان کۆبووە و بە ئاماژە بە بەرنامەکانی بۆ دابینکردنی یەکڕیزی ناوخۆیی و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، وتی: بەداخەوە کە ڕژێمی زایۆنیستی لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونم بە تیرۆری بەڕێز هەنیە وەک میوانی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەوڵیدا ڕێگری لە بەدواداچوون بۆ ئەم ئامانج و بەرنامانە بکات.
ناوبراو پەیام و کردەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە پەرەپێدانی ئاشتی و دۆستایەتی و پەیام و کردەوەی ڕژێمی زایۆنیستیشی بە تاوان، کۆمەڵکوژی و شەڕەنگێزی پێناسە کرد و وتی: بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە شەڕ ڕێگری لە گەشەسەندنی وڵاتان دەکات و بە هەموو هەوڵێکەوە دەمانەوێت ڕێگری لە تەشەنەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە بکەین بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی ئەوەی پیشانداوە کە تەنیا هەوڵی شەڕ و ئاڵۆزی دەدات. هیوادارین ئەو وڵاتانەی بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن، بە گۆڕانکاری لە شێواز و ڕاگرتنی پشتیوانییەکانی خۆین لەو ڕژێمە، یارمەتیدەری کۆتایی هێنان بە شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکە بن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە خواستی گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هیندستان، وتی: ئەندامبوونی ئێران و هیندستان لە برێکس بەستێنی گونجاوی بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و هاوکارییەکانی هەر دوو وڵات لە پێناو گەیشتن بە بەرژەوەندییە بەرامبەرەکان دابین کردووە.
هەر لەو کۆبوونەوەدا سەرۆک وەزیرانی هیندستان بە ئاماژە بە سەردانەکەی بۆ تاران و کۆبوونەوەی لە گەڵ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، داوایکرد دکتۆر پزیشکیان سڵاوی گەرمی بە حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بگەێنێت و وتی: گەشەپێدانی پەیوەندی و هاوکارییەکان لە گەڵ ئێران لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئێوەدا چاوەڕوانی و داواکاری هیندستانە.
نارندرا مودی ڕایگەیاند کە کوشتاری خەڵکی سڤیلی غەززە و لوبنان لە ڕوانگەی هیندستانەوە قبووڵکراو نییە و بۆ گەیشتن بە ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە لە هەوڵ و ڕاوێژی بەردەوامداین./.