بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی گرووپی برێکس لە کازان کۆبوونەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی لە گەڵ سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە وڵاتی تورکمانستان، وتی: لەم ماوەیەدا بەدواداچوونم بۆ زۆربەی ڕێکەوتننامەکان لە گەڵ ڕووسیا کردووە تا بگەینە ڕێکەوتنی کۆتایی و واژۆی لە سەر بکەین، ئەگەر لەم ڕێگایەدا کێشەیەک هەبێت خۆم بەدواداچوونی تایبەتی بۆ دەکەم، لە بەر ئەوەی کە پێم وایە پەیوەندییەکانی تاران و مۆسکۆ سوودی بۆ هەر دوو وڵات هەیە.
پزیشکیان وتی: ئێمە دەتوانین لە چوارچێوەی برێکس پەیوەندییەکی نزیکترمان هەبێت، دەستخۆشی لە هاوکارییەکانی ڕووسیا دەکەین بۆ ئەندامبوونی ئێران لەم گرووپەدا.
ناوبراو وتی: دەبێت سزاکانی ئەمریکا لە دژی هەر دوو وڵات پووچەڵ بکەینەوە و پەیوەندییەکانمان لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، ڕۆشنبیری و زانستی بەرفراوان بکەین.
سەرۆک کۆماری ڕووسیاش لەو کۆبوونەوەدا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە ئەندامبوونی ئێران لە برێکس و شانگەهای کردووە و دەرفەتی نوێ بۆ هەر دوو وڵات هاتووەتە پێشەوە کە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا هەنگاوی هاوبەشیان هەبێت.
ڤلادیمیر پوتین وتی کە دەبێت ڕێکەوتنی گشتگیری نێوان هەر دوو وڵات واژۆ بکرێت و گەشەی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان دەستەبەر بکەین.
وتیشی کە هەڵوێستی ڕووسیا و ئێران لە سەر پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لێک نزیکە و ئێمە هەوڵی جیهانێکی چەند جەمسەری و پاراستنی ڕۆڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدەین.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا دوایکرد کە سڵاوی بە حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بگەێندرێت و وتی کە هەڵوێستەکانی بەڕێزیان بەرز دەنرخرێنم./.