بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەکەم کۆنفرانسی ساڵانەی بزوتنەوەی نۆجەبای عێراق وەک ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا بەڕێوەچوو.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نۆجەبا لەو ڕێوڕەسمەدا وتی: لە خەمی لەدەستدانی سەید حەسەن نەسروڵڵادا وەک خەم و ئازارەکانی یەعقوب بۆ یوسفین، ئەگەرچی لەم ڕۆژانەدا تازیەبارین، بەڵام سەرقاڵی ئامادەکردنی چەکەکانی خۆمانین و لەم ڕێگایەدا خۆڕاگرانە دەمێنینەوە، شەهیدبوونی فەرماندە یەحیا سینواریش ئیرادەمانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دوژمن بەهێزتر کردووە.
ناوبراو وتی: لە کاتێکدا کە سوپا بێ کاریگەرەکانی عەرەب بینەری کوشتاری خەڵکی غەززە و لوبنان و دەسدرێژی بۆ سەر پیرۆزییە ئیسلامییەکانن، بەرەی خۆڕاگری لە فەڵەستین تا یەمەن، لە لوبنان تا عێراق و ئێران، زیانێکی مێژوویی بە ڕژێمی زایۆنیستی گەیاندووە، زیاتر لە 50 وڵاتی ئیسلامی تەنانەت بە زمانیش پشتیوانی لە برایانی موسڵمان ناکەن، هەندێک دەسەڵاتی خۆفرۆشیش لە ترسی ئەمریکا و بەریتانیا ڕوویان هێناوەتە سازشت لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، ئەوان لە خەون و خەیاڵدان و شەڕی ئەم شەیتانانە ڕۆژێک بەرۆکی ئەوان دەگرێت.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نۆجەبا بە ئاماژە بەوەی کە سەید حەسەن نەسروڵڵا بە بۆمبی ئەمریکی شەهید کرا، وتی: ئێمە بە چەکی بڕوا بە خودا، لە شەڕێکی نابەرامبەردا دژ بە ڕژێمێکی دڕندە و پشتیوانەکانی کە بە هەموو چەک و تەکنۆلۆژیا و بۆمبی ناوەکییە تەیار کراون، ڕادەوەستین و ئەمەش لە مێژوودا تۆمار دەکرێت کە ئیمانداران لە داهاتوویەکی نزیکدا نتانیاهۆ تووشی شکستێکی گەورە دەکەنەوە.
ئەکرەم کەعبی وتی: ئێستا کاتی گریان و تازیەباری نییە، ئەوان ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکانی ئێمەیان تیرۆر کرد تا بێدەنگمان بکەن، بەڵام دەبێت فرمێسکی چاوەکان بسڕینەوە و چەکەکانمان بەهێزەوە لە دەست بگرین و بۆ تۆڵەکردنەوە بەرەو مزگەوتی ئەقسا بڕۆین./.