بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی CNN لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، بە شکستی ئەمریکا بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، وڵاتانی عەرەبی باشترکردنی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران وەک کارتێکی گوشار بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانی شەڕێکی گەورە لە ناوچەکە بەکارهێناوە.
CNN ڕایگەیاندووە کە ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ جاری یانزەیەم لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا سەردانی تەل ئەبیبی کرد و ئامانجەکەشی کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی ئاگربەستی غەززە لە پاش تیرۆری یەحیا سینوار سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس بووە.
ئەو کەناڵە ئەمریکییە بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران و جێنشینی سعوودیە و هەروەها کۆبوونەوەکانی دیکە لە گەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت شای ئەردەن و سەرۆک کۆماری میسر، ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەوەکانی عێراقچی لە وڵاتانی عەرەبی بەرهەمدار بووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هەوڵەکانی یەک ساڵی ڕابردووی ئیدارەی بایدن بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە و ڕێگری لە شەڕ و پێکدادانەکان لە لوبنان شکستی هێناوە و واشنتن بۆ ڕازیکردنی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە پێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ڕوبەڕوی ئاستەنگ بووەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت سعوودیە و ئیمارات وەک دوو گەورە وەبەرهێنەری نەوت لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی ئەوەیان داوە کە سیاسەتی خۆیان بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە ئابورییەکان، لە شەڕ و ئاڵۆزییەکان دووربخەنەوە، هەر ئەمەش وایکردووە کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران بەرەو باشتربوون بڕوات، هەر بۆیە لەوە نیگەرانن کە شەڕێکی ناوچەیی زیان بە پلان و پرۆژە زەبەلەحە ئابورییەکانیان بگەێنێت./.