بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئەمڕۆ چوارشەممە 23 ی تشرینی یەکەمی 2024 لە چاوپێکەوتنی کاربەدەستانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 15 هەزار شەهیدی پارێزگای فارس، ڕووداوەکانی ناوچەکە و خەبات و تێکۆشانی خۆڕاگرییان بە هۆکاری گۆڕانکاری لە چارەنووس و مێژووی ناوچەکە ناو برد و بە جەختکردنەوە لە سەر شکستی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ لەناوبردنی بەرەی خۆڕاگری سەرەڕای کوشتاری زیاتر لە 50 هەزار مرۆڤی بێ تاوان، شکستی گەورەتریان بە ڕیسوایی کەلتور و شارستانیەت و سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا ناو برد و وتیان: لە ڕوبەڕوبونەوەی بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر بەرەی تاوان و شەڕەنگێزی، سەرکەوتن بۆ خۆڕاگرییە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دۆخی ئێستای ناوچەکە بە تایبەت ڕووداوەکانی غەززە، کەرتی خۆرئاوا و لوبنانیان بە مێژوویی ناو برد و وتیان: ئەگەر کەسانی وەک شەهید سینوار نەدەبوون کە تا دوایین ساتەکان شەڕ بکەن، یان ئەگەر سەرکردە گەورەکانی وەک شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا نەدەبوون کە تێکۆشان و عەقڵ و بوێری و گیانفیدایی پێکەوە تێکەڵ بکەن و بیهێننە گۆڕەپانەکەوە، چارەنووسی ناوچەکە جۆرێکی دیکە دەبوو.
بەڕێزیان لێکەوتەی ڕووداوەکانی ناوچەکەیان بە شکستێکی گەورە نەک تەنیا بۆ ڕژێمی زایۆنیستی، بەڵکوو بۆ کەلتور و شارستانیەتی ڕۆژئاوا ناو برد و وتیان: زایۆنیستەکان بیریان لەوە دەکردەوە کە بە ئاسانی دەتوانن گرووپەکانی خۆڕاگری لەناوببەن، بەڵام ئەمڕۆ سەرەڕای شەهیدکردنی زیاتر لە 50 هەزار کەسی سڤیل و بێ تاوان و چەندین سەرکردە و هەروەها سەرەڕای ئەو هەموو تێچوو و پشتیوانییەی ئەمریکا و ڕق و نەفرەتی جیهانی لە بەرامبەریان بە تایبەت لە زانکۆکانی ئەمریکا و ڕێپێوانەکانی دژ بە تاوانباران، گرووپەکانی خۆڕاگری و گەنجانی خەباتگێڕی حەماس، جیهادی ئیسلامی و حزبوڵڵا و لایەنەکانی دیکەی خۆڕاگری بە هەمان هێز و ئیرادەوە درێژەیان بە خەبات داوە و ئەمەش شکستێکی گەورەیە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی شکستی گەورەتریان بۆ کەلتور و شارستانیەتی ڕۆژئاوا ناو برد و وتیان: کۆمەڵکوژکردنی 10 هەزار منداڵی بێ تاوان بە بۆمبە دوو تەنییەکان و چەکی جۆربەجۆری وڵاتانی ڕۆژئاوا، بووەتە هۆی ڕیسوابوونی سیاسەتمەدارانی درۆزن و بانگەشەکارانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتانە و بێناوبانگکردنی شارستانیەتی ڕۆژئاوای بە هەموو جیهان پیشاندا کە ئەمەش گەورەترین شکستە بۆ ئەوان.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە کۆتاییدا بەرەی پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستییان بە بەرەی خراپەکاری ناو برد و وتیان: بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەم بەرە خراپەکارەدا وەستاوە و بە یارمەتی خودای گەورە سەرکەوتن بۆ بەرەی خۆڕاگری دەبێت./.