بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی برێکس (چوارشەممە 23 ی تشرینی یەکەمی 2024)، وتی: برێکس ئامانجی زۆر گەورە و گرنگی لە سەر بواری سیاسی – ئەمنی، ئابوری – دارایی و کەلتوری و جەماوەریدا هەیە و بە کارنامەی خۆی ئەوەی پیشانداوە کە لە داهاتوودا ڕۆڵی تایبەتی لە ڕەوتی هاوکێشە سیاسییەکان و گۆڕانکارییە پەیوەندیدارەکاندا دەبێت.
ناوبراو سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناوچەکە وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران داوای ئاگربەستی بەپەلە و هەمیشەیی لە غەززە و لوبنان، کشانەوەی هێزەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکان و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە و ئاوارەکانی لوبنان دەکات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی جیهان لەوەی کە ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیی و داراییەکانی خۆی، لە دۆلار وەک چەکێک یان ئامرازی کۆنتڕۆڵی وڵاتانی دیکە کەڵک وەردەگرێت، ناڕازین. جیهان برێکس بە ئامانجی هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی هێزی دۆلار و بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بە دراوە نیشتمانییەکان دەناسێت.
ڕاشیگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت تۆڕێکی نوێی پەیوەندییە ترانزێتییەکان لە پێناو گواستنەوەی وزە و کاڵای بازرگانی لە چوارچێوەی برێکسدا دابین بکات./.