بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئاجوڕلو سەبارەت بە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی وتی: پاش ئۆپەراسیۆنی ” بەڵێنی ڕاستگۆیانەی – 2 ” ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندبوو کە هێرشێکی گەورە و بەربڵاو دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران و لە لایەن هەندێک سەرچاوەی زایۆنیستەوە چەند ئامانجێک دەستنیشان کرابوون، بەڵام بە پێی ئەوەی بینراوە، هێرشەکان ئەوەندە گەورە و کاریگەر نەبوون و لە لایەن ژمارەیەک میدیای زایۆنیستیشەوە ئەمە پشتڕاست کراوەتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە بە پێی ئەو وێنانەی بڵاو بوونەتەوە، ڕووداوێکی ئەوتۆ نەبووە و دەبێت چاوەڕوانی هەواڵی زیاتر بکەین و وتی: سەبارەت بەم هێرشە دەبێت ئاماژە بە هێزی وەڵامدانەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ئێران بدەین و پێدەچێت کە زایۆنیستەکان لەم سیستەمە تووشی سەرسوڕمان ببن، بە پێی وێنە و ڤیدیۆکان، تاران بەهێزەوە ڕوبەڕوی هێرشەکان بوویەوە و بە کردەوە ئەوەی سەلماند کە ڕەنگە سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ئێران بەهێزتر لە گومەزەی ئاسنین بێت و ئەمەش نیگەرانییەکانی لە ئێران کەمکردووەتەوە و هێزی بەرگری وڵاتی پیشان داوە.
ئەو شارەزا ئێرانییە وتی: لە ڕاستیدا بەهێزبوونی سیستەمی بەرگریی ئێران ئەوەی وەبیری زایۆنیستەکاندا هێناوەتەوە کە ڕوبەڕوبونەوەی ئێران هێندە ئاسان نییە.
ئاجوڕلو وتی: پێش هێرشەکان شەڕێکی دەروونیی گەورە لە دژی دانیشتووانی ئێران بەڕێوەچوو، بەڵام لە ئێستادا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و بە پێچەوانەی ڕژێمی زایۆنیستی کەسێک لێرە نەچووە پەناگەکان.
ڕاشیگەیاند کە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ئاستێکی نزمدا بووە و بە هیچ شێوازێک بە ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیانەی – 2 بەراورد ناکرێت و لە ڕاستیدا ئێران بەو ئۆپەراسیۆنە مووشەکییە دەستی باڵای لە ناوچەکەدا پیشانداوە./.