بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر هێرشەکانی بەرەبەیانی شەممە 26 ی تشرینی یەکەمی 2024 بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسدرێژی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی چەند ناوەندەێکی سەربازی لە ئێران وەک پێشێلکردنی ئاشکرای مافی نێودەوڵەتی و جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تایبەت بنەمای قەدەغەکردن یان بەکارهێنانی هێز لە دژی یەکپارچەیی خاک و سەروەری نیشتمانی وڵاتان دەزانێت و بە توندی ئیدانەی دەکات.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە وەک چۆن چەندین جار دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیان لە سەر کردووەتەوە، کۆماری ئیسلامی بە مافی خۆیی دەزانێت لە بەرامبەر هەر دەسدرێژییەک بەرگری لە خۆی بکات.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەر کەڵک وەرگرتن لە سەرجەم توانا مادی و مەعنەوییەکانی گەلی ئێران بۆ بەرگری لە ئاسایش و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی کردووەتەوە و بەهێزەوە درێژە بە ئەرکەکانی خۆی لە بەرامبەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی دەدات و ئەرکی سەرجەم وڵاتانی ئاشتی دۆستی ناوچەکەش وەبیردێنێتەوە و دەستخۆشی لەو وڵاتانەش دەکات ئیدانەی دەسدرێژییەکەی ڕژێمی زایۆنیستییان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە کە بێگومان بەردەوامی داگیرکاری، کردەوەی نایاسایی و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە، بە تایبەت کۆمەڵکوژی گەلی فەڵەستین و دەسدرێژی بۆ سەر لوبنان، کە بە پشتیوانی هەمەلایەنەی سەربازی و سیاسی ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوامی هەبووە، هۆکاری سەرەکی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری ناوچەکەیە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە وەبیرهێنانەوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی یەک بە یەکی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی ئەندام لە کۆنوانسیۆنی پێشگرتن و سزادانی تاوانی کۆمەڵکوژی و وڵاتانی ئەندام لە کۆنوانسیۆنەکانی 1949 ی ژنێڤ، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە و بەکۆمەڵ لە دژی پێشێلکارییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و بە پێویستی دەزانێت بۆ ڕاگرتنی هەموو تاوانەکانی ئەو ڕژێمە داگیرکارە لە فەڵەستین، لوبنان و ناوچەکانی دیکە دەیکات، هەنگاوی پێویست بگیرێتەبەر./.