کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی تاوانە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی وەک هێرشی سەر بینای کۆنسووڵخانەی لە دیمەشقی سوریا، تیرۆری شەهید ئیسماعیل هەنیە لە تاران و شەهیدکردنی عەباس نیلفرۆشان لە بەیروت، دوو جار هێرشی مووشەکیی کردە سەر ڕژێمی زایۆنیستی. ئەم هێرشانە بە بەڵێنی ڕاستگۆیانە ناسراون کە دووەم هێرش بە هۆی ئاست و کاریگەری مووشەکەکانەوە جیاوازییەکی زۆری لەوەی پێشوو هەبووە. مووشەکە هایپەرسۆنیکەکانی ئیران لە ماوەی کەمتر لە 12 خولەکدا مەودایەکی زیاتر لە هەزار و 200 کیلۆمەترییان بڕی و شکستیان بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕژێمی زایۆنیستی هێنا. تەنانەت بەو هەموو فڕۆکە و سیستەمە بەرگرییەی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە، نەتوانرا ڕێگری لە مووشەکەکانی ئیران بکرێت و قووڵایی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بە تایبەت تەل ئەبیب کرایە ئامانج.
هێرشەکەی ئێران پشتی بە توانای خۆماڵی بەستووە و گوزارشت لە ئیرادەی نیشتمانی و لێهاتوویی ڕۆڵە بوێر و بەئەزموونەکانی ئەم وڵاتە دەکات. توانا مووشەکییەکەی ئێران لە کاتێکدا گەیشتووەتە ئەم ڕادەیە لە پێشکەوتوویی و کاریگەری، کە دەیان ساڵە لە ژێر کاریگەری سزا و گەمارۆ نایاساییەکانی ئەمریکادایە. کە واتە بەم هەموو سزا و گەمارۆوە ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە بە هێزی یەکەمی مووشەکیی ناوچەکە دەناسرێت.
ئێران لە کاتێکدا هێرشی کردووەتە سەر ڕژێمی زایۆنیستی کە هێرشەکە لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە بە ڕەوا و ڕێگاپێدراو دەناسرێت. وەک ئاماژە درا ئێران لە وەڵامی تاوانە تیرۆریستی و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا ئەو هێرشانەی کردووە.
بە پێچەوانەوە، ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە هیچ مافێکی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران نەبووە و وەک دەسدرێژییەک هەژمار دەکرێت کە گوزارشت لە سیاسەت و شووناسی هەمیشەیی ئەو ڕژێمە دەکات. واتە ڕژێمی زایۆنیستی هەموو کات یاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێلکردووە و بنەڕەتی ئەو ڕژێمە بە تاوان و دەسدرێژی دامەزراوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕژێمی زایۆنیستی بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەو تاوانانەی خۆی دەکات. لە هێرشەکەی ڕژێمی زایۆنیستیدا فڕۆکەی ئەمریکی، مووشەکی ئەمریکی، توانای لۆجستی ئەمریکا، هەواڵگری ئەمریکی و هتد بەکارهاتووە.
بە واتایەکی دیکە، ئەگەر ئەمریکا و پشتیوانییەکانی نەبێت، ڕژێمی زایۆنیستی هیچ توانایەکی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە نابێت و لە هەمان کاتدا بەرگەی شەپۆلی توڕەیی گەلی فەڵەستین، لوبنان و وڵاتانی دیکە ناگرێت.
هێرشەکەی ئێران ئەوەی سەلماندووە کە ئیرادەی ئیسلامی و بڕوابوون بە خودای گەورە دەتوانێت هەموو کات هاوکێشەکان بگۆڕێت، بەڵام ئەوەی ڕژێمی زایۆنیستی پیشانیداوە کە بەرپرسانی ئەو ڕژێمە تەنیا جێبەجێکاری پلانی هێرشەکە بوون و ئەوەی هەبووە لە ڕووی چەک و زانیاری هەواڵگرییەوە، لە لایەن ئەمریکاوە بەو ڕژێمە دراوە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە کۆماری ئیسلامی ئێران و هێزەکەی دەمێننەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشەی زیاتریش بە خۆوە دەبینێت بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوام ڕووی لە لاوازبوونە و بەرەو لەناوچوونی کۆتایی دەڕوات. ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسای حەماس لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 و ڕووداوەکانی زیاتر لە یەک ساڵی ڕابردوو ئەمەیان سەلماندووە کە زایۆنیستەکان لە لێواری ڕووخان و لەناوچووندان./.