بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق ڕایگەیاندووە کە بەکارهێنانی ئاسمانی ئەم وڵاتە بۆ لێدانی دامەزراوەکانی ئێران و دووبارەکردنەوەی بۆ چەند کاتژمێرێک لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە، کارێکی مەترسیدارە کە ئێران پێشتر ڕوبەڕوی نەبووەتەوە.
لە درێژەی بەیاننامەکەی حزبوڵڵای عێراقدا هاتووە کە هەروەها چەندین بەڵگە هەیە کە دەریدەخات لە خاکی ئەردەن و سعوودیەوە ڕێڕەوێک بۆ فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دابین کراوە و ئەمەش تەنیا بە هۆی ئەمریکاوە بووە کە زاڵە بە سەر ئاسمانی عێراقدا.
حزبوڵڵای عێراق ڕایگەیاندووە کە دەسدرێژی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن ڕژێمێکی ناپاک و ساختەوە، بابەتێکی مەترسیدارە کە نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا پشتگوێ بخرێت، بە پێچەوانەوە لە ئەگەری پشتگوێخستنی دەبێتە بابەتێکی ئاسایی و دوژمنی زایۆنیستی بەردەوام دووبارەی دەکاتەوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە بە پێی ئەوەی باسکرا، ئەمریکا دەبێت باجی ئەم کارەی بدات بە هۆی کەڵک وەرگرتن لە ئاسمانی عێراق و بە یارمەتی خودای گەورە ئەمەش لە کات و شوێنی گونجاودا ڕوو دەدات و زایۆنیستەکانیش لەمە بێبەری نابن و ئەگەر باجێکی قورس نەدەن، هێرشەکان لە عێراق دووبارە دەکەنەوە./.