بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە توێژینەوەیەکی پزیشکیدا هاتووە کە ئەو کەسانەی ڕۆژانە تەنیا ٥٦ گرام فستقیان خواردووە بۆ ماوەی ١٢ هەفتە، باشتربوونی بەرچاویان لە تەندرووستی چاوەکانیاندا دەرکەوتووە، بە بەراورد بەوانەی خۆراکی ئاسایی خۆیان پاراستووە.
توێژینەوەکە تیشکی خستە سەر پێوانەکردنی ڕەنگی پارێزەری تایبەت لە تۆڕی چاودا، دەرکەوت کە فستق یارمەتی فلتەرکردنی تیشکی شینی زیانبەخش و پاراستنی تۆڕی چاو لە تێکچوون دەکات، کە لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی چاو بە تایبەت لە کەسانی بەساڵاچوودا.
ئەوەش هاتووە، ئەوەی فستق تایبەت دەکات ئەوەیە کە بڕێکی زۆر مادەی لوتینی تێدایە، کە پێکهاتەیەکی سوودبەخشە و لە تۆڕی چاودا کۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی ئەم ڕەنگە پارێزەرانە درووست بکات.
فستق بە هۆی ئەو چەورییە سرووشتییانەی کە تێیدایە یارمەتی جەستە دەدات بۆ هەڵمژینی لوتین بە شێوەیەکی خێراتر.
توێژینەوەکە لە سەر ٣٦ کەس ئەنجامدراوە کە تەمەنیان لە نێوان ٤٠ بۆ ٧٠ ساڵدا بووە، کە بە شێوەیەکی ئاسایی بڕێکی کەم لەو خۆراکانە دەخۆن کە لوتینیان تێدایە، نیوەی بەشداربووان فستقێکی بێ خوێیان بۆ خۆراکی ڕۆژانەیان زیاد کردووە، نیوەکەی دیکەش خووی ئاسایی خواردنی خۆیان پاراستووە.
تەنیا دوای شەش هەفتە، ئەو گروپەی ڕۆژانە فستقیان خواردووە تەندرووستی چاویان باشتر بووە بە بەراورد بە گروپەکەی دیکە.
لەکۆتاییدا توێژەران دەڵێن، ئەنجامەکانمان ئەوە دەردەخەن کە فستق سوودێکی بەرچاو بۆ تەندرووستی چاوەکان دەبەخشێت کە لە گەڵ هەڵکشانی تەمەنی مرۆڤەکان گرنگە بخورێت./.