بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید محەممەد ڕەزا مەوالی زادە ڕۆژی یەک شەممە 27 ی تشرینی یەکەم لە میانەی کۆبوونەوەی لە گەڵ شاندێکی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە ئاماژە بەوەی کە ئەم شاندە پەیوەندییەکی زۆر باشی لە گەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەهوازدا هەیە و بڕیارە سەردان و بەسەرکردنەوەیان لە ئاستی پارێزگای خوزستاندا هەبێت، وتی: هاوکاتبوونی ئەم سەردانە لە گەڵ هێرشە شکستخواردووەکەی ڕژێمی زایۆنیستی کە خەونی بە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەوە دەبینی، پیشاندەری بەهێزبوون و ئاسایش و سەقامگیری کۆماری ئیسلامی ئێرانە و هەنگاوەکانی بۆ گەشەپێدانی وڵات و پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ دووپات دەکاتەوە.
ناوبراو وتی: سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان بە زمانی شیرینی کوردی قسەی کرد و ئەمەش پیشاندەری پەیوەندی مێژوویی و بەهێزی ئێمەیە لە گەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق.
مەوالی زادە وتی: هاوبەشییە کەلتورییەکان دەتوانێت بەستێنی زۆر باشی گەشەی پەیوەندییەکان لە بواری ئابوری و بازرگانیدا بێت، لە بەر ئەوەی کە خوزستان جەمسەری گەشە و خاوەنی دەفرایەتییەکی گەورەی پیشەسازی و ئابورییە.
پارێزگاری خوزستان وتی کە ئامانجی یەک ملیار دۆلاری بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە.
وتیشی کە لە بواری هەناردەی بەرهەمە کشتووکاڵییەکان و هەروەها هەناردەی میوە، خوزستان توانایەکی زۆری هەیە، بە جۆرێک کە لە خوزستاندا 138 جۆرە بەرهەمی کشتووکاڵی بەرهەم دێت، لە بواری ماسیشدا دەتوانین هەناردەمان بۆ هەرێمی کوردستان بێت.
پارێزگاری خوزستان وتی: لە بواری گەشتیاری بە تایبەت گەشتیاری تەندرووستی و هەروەها لە بواری پیشەسازی بە تایبەت نەوت و پترۆکیمیا بەستێنی هاوکاری هەیە.
مەوالی زادە لە کۆتاییدا وتی: دامەزراندنی هێڵی ئاسمانی لە نێوان خوزستان و هەرێمی کوردستان و سندوقی وەبەرهێنانی هاوبەش لەو پێشنیارانەن کە دەبێت تاوتوێ بکرێن./.