بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیرسەعید ئیروانی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بۆ تاوتوێکردنی دەسدرێژییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر ئێران بەڕێوەچوو، وتی: دەسدرێژییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر ئێران پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بە هاوبەشی ئەمریکا کراوە.
ناوبراو وتی: پشتیوانی و هاوکارییەکانی ئەمریکا و ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، وایکردووە کە ڕژێمی زایۆنیستی درێژە بە دەسدرێژییەکانی لە غەززە، لوبنان و لە ئێستاشدا ئێران بدات و بە جیدی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە لاواز بکات.
باڵیۆزی ئێران وتی: ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پێی یاسا دەبێت ڕێگری لە هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان بکات و ئەمەش پێویستی بە هەنگاوی کرداری هەیە و بە قسە و بەیاننامە ناکرێت.
ئیروانی وتی کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا سیاسەتێکی دووفاقی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی بە تایبەت لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە پەیرەو دەکەن.
ناوبراو ڕایگەیاند کە بێدەنگی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر تاوان و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، ناسەقامگیری و توندووتیژیی لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا زیاتر کردووە.
ئەمیرسەعید ئیروانی هەروەها وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام دیپلۆماسیی وەک چارەوسەری کێشەکانی ناوچەکە و ئامرازی پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری پێشنیار کردووە، سەرەڕای ئەمەش، وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری، جەخت لە سەر مافی وەڵامدانەوەی خۆی بە پێی مادەی 51 ی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکاتەوە و ئەو وەڵامەش بە تەواوی یاسایی و بە پێی مافی نێودەوڵەتی دەبێت./.