سەید ڕەزا سەدرحوسێنی سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ناوەندی حزبوڵڵای لوبنان بۆ هەڵبژاردنی شێخ نەعیم قاسم وەک ئەمینداری گشتی ئەم بزوتنەوەیە، وتی: بە پێی هەلومەرجی ئێستا، پێویست بەوە بوو کە حزبوڵڵا ئەمینداری نوێ هەڵبژێرێت گتا لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازی درێژە بە چالاکییەکانی بدات.
ناوبراو وتی: پاش شەهیدکردنی سەید حەسەن نەسروڵڵا، چەندین کەسایەتی بۆ جێگرەوەی ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا دەستنیشان کران، وەک سەید هاشم سەفیەدین کە پێش هەڵبژاردنی لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە شەهید کرا.
حوسێنی وتی: بە پێی پێکهاتەی حزبوڵڵا، نەبوونی ئەمینداری گشتی کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر کۆمەڵەی بەرگریی ئەم بزوتنەوە نییە، وەک چۆن ئەوەمان بینی لە پاش شەهیدکردنی سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەم بزوتنەوەیە بە شێوازی بەرچاو درێژەی بە چالاکییە سەربازی و بەرگرییەکانی خۆی داوە.
شارەزای کاروباری ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا وتی: هەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە ڕووی سیاسییەوە گرنگییەکەی ئەوە بوو کە هەندێک لایەن هەوڵی ئەوەیان دەدا حزبوڵڵا لە بازنەی سیاسەتی لوبنان بکەنە دەرەوە، ئەمەش بە دەستێوەردانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکرا و ئامانجەکەی ئەوە بوو کە حزبوڵڵا رۆڵی لە گۆڕەپانی سیاسی لوبناندا نەمێنێت.
سەدرحوسێنی بە ئاماژە بە تایبەتمەندی و کەسایەتی شێخ نەعیم قاسم وتی: شێخ نەعیم قاسم لە کەسانی بەئەزموون و دێرینی حزبوڵڵایە کە لە ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی شەهید حەسەن نەسروڵڵا زۆر نزیکە، هەروەها ماوەیەکی زۆر لە ئەنجومەنی باڵای حزبوڵڵادا بووە.
ناوبراو وتی: هەڵبژاردنی شێخ نەعیم قاسم وەک ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان پیشاندەری یەکگرتوویی ناوخۆیی ئەم بزوتنەوەیە و ئەنجومەنی باڵایە و لە لایەکی دیکەوە دەتوانێت ڕێگری لە دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی لوبنان و پەراوێزخستنی حزبوڵڵا بکات./.