بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم لە یەکەم وتاری پاش هەڵبژاردنی وەک ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان، وتی: پلانی من، بەردەوامیدانە بە پلانەکانی شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا لە سەرجەم بوارەکانی سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و سیاسی.
ناوبراو وتی: ئێمە درێژە بە پلانە سەربازییەکەی شەهید نەسروڵڵا و سەرکردەکانی خۆڕاگری دەدەین.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا وتی: پشتیوانی لە غەززە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین، خۆڕاگری ئێمە لە سەر بنەمای خەباتی دژ بە داگیرکاران و پیلانگێڕییەکانی ئەوان بۆ ئازادکردنی خاکی داگیرکراوە.
شێخ نەعیم قاسم وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بۆ دەسدرێژییەکانی پێویستی بە بیانوو نییە و مێژوو شایەتی لە سەر ئەمە دەدات. بڕیارە نێودەوڵەتییەکان لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو کە داگیرکاران لە خاکی لوبنان بکاتە دەرەوە بەڵکوو خۆڕاگری بوو کە بووە هۆی دەرکردنی زایۆنیستەکان.
ناوبراو وتی: غەززە و لوبنان و ناوچەکە مەترسی پیلانگێڕی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییان لە سەرە، لەم شەڕەدا سەرجەم ئیمکانیاتی جیهان بەکارهاتووە تا خۆڕاگری ڕیشەکێش بکەن، ئەوان دەیانەوێت ئێمە خۆمان بە دەستەوە بدەین تا داهاتووی ئێمە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا بێت، ئەمە شەڕی زایۆنیستی، ئەمریکی، ئەورووپی و جیهانییە تا خۆڕاگری لە ناوچەکەدا نەمێنێت.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: ئێمە بەردەوام باسی ئەوەمان کردووە کە شەڕمان ناوێت بەڵام وەک چۆن کە شەهید نەسروڵڵا وتیان ئەگەر شەڕ بە سەرماندا بسەپێندرێت، ئامادەین و بە سەربەرزییەوە خەبات دەکەین، ئەگەر شەڕێک بە سەر ئێمەدا بسەپێندرێت، ئامادەین بۆ سەرکەوتن خەبات بکەین.
ناوبراو وتی: ئێمە بە نوێنەرایەتی کەسێک شەڕ ناکەین، بەڵکوو بۆ پاراستنی لوبنان و ئازادکردنی خاکمان و پشتیوانی لە غەززە خەبات دەکەین، ئێران پشتیوانی لە ئێمە دەکات و شتێکی لە ئێمە ناوێت، لە هەر وڵاتێکی عەرەبیش کە پشتیوانی لە ئێمە بکات پێشوازی دەکەین.
شێخ نەعیم قاسم بەرامبەر بە باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان وتی کە نە تۆ و نە ئەوانەی لە گەڵ تۆدان، تەنانەت لە خەویشدا شکستی خۆڕاگری نابینن./.