بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” ئێمە دەخنکێنین ” ڕستەی یەکێک لەو سەربازە زایۆنیستانەیە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردووەتەوە. ئەم سەربازە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ” دەبێت کۆتایی بەم شەڕە بهێنین؛ چونکە ئیتر سەربازمان نییە “.
ئەم سەربازە یەدەگە کە ناوی ” ئاریێل سێری لیڤییە ” ڕایگەیاندووە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە چوار جار بانگهێشت کراوە بۆ بەشداریکردن لە شەڕەکەدا.
سەربازە ماندوو و پیرەکانی یەدەگ
میدیاکانی ڕۆژئاوا دانیان بەوەدا ناوە کە سەربازانی یەدەگی ڕژێمی زایۆنیستی لە یەک ساڵەی شەڕی غەززەدا زۆر ماندوون.
ئەو میدیایانە ڕایانگەیاندووە کە نزیکەی ٣٠٠ هەزار سەربازی یەدەگی ڕژێمی زایۆنیستی بانگهێشتی شەڕ کراون و ١٨%ی ئەوان پیاون کە تەمەنیان لە سەروی ٤٠ ساڵەوەیە. لە هەمان کاتدا پێویستە ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروی ٤٠ ساڵەوەیە لە خزمەتکردن بەخشراون. خزمەتکردنی سەربازی بۆ ژن و پیاوی ڕژێمی زایۆنیستی لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا ناچارییە.
کەمبوونی هێزی مرۆیی، کێشەیەکی دیکەی ڕژێمی زایۆنیستی
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند کە بەپەلە پێویستی بە ١٠ هەزار سەرباز هەیە.
میدیا ڕۆژئاواییەکان دانیان بەوەداناوە کە ساڵێک لە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر کەرتی غەززە و شەڕ لە چەند بەرەیەک لەوانەش لوبنان، ئەو ڕژێمە تووشی سوپایەکی ماندوو و بێ ئیرادە بووەتەوە.
کەمی هێز لە سوپای زایۆنیستی گەیشتووەتە قۆناغێک کە ئەو ڕژێمە بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی سەربازی.
هاوکات ڕژێمی زایۆنیستی ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی ئۆرتۆدۆکسەکان کە لە ساڵی ١٩٤٨ەوە لە خزمەتی سەربازی بەخشراون ئەگەر بەردەوام بن لە خوێندن لە بوارە ئاینییەکان.
جولەکەکانی ئۆرتۆدۆکس 14%ی دانیشتوانی زایۆنیست پێکدەهێنن کە نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار کەسن. بە پێی ئاماری سوپای زایۆنیست، نزیکەی ٦٦ هەزار کەسیان بە هۆی تەمەنیانەوە لە خزمەتی سەربازی بێبەرین.
بەشێک لەو یەدەگانەی ڕژێمی زایۆنیستی کە پێش دەستپێکردنی شەڕی غەززە سەرقاڵی کاری دیکە بوون، لە لێواری لەدەستدانی کارەکانیاندان. ئەوانەی سەرقاڵی کارە ئازادەکان بوون، لەوانەش چالاکی بازرگانی، ناچار بوون کارەکانیان کۆتایی پێبێنن.
یەکێک لە سەربازانی ڕژێمی زایۆنیستی لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ئاژانسی فرانس پرێس جەختی لەوە کردەوە کە جگە لە لەدەستدانی کارەکەی، ماندوێتی دەروونی و جەستەیی کێشەکانیشی زیاتر کردووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە تێچووی ژیان بۆ خێزانەکەی زۆر بەرزە.
لە کاتێکدا ڕژێمی زایۆنیستی لە زۆر حاڵەتدا باس لە زیانەکانی خۆی ناکات، میدیاکانی ڕۆژئاوا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا کەمبوونەوەی بەرچاوی هێزەکانی ئەوق ڕژێمە و هەروەها قوربانییەکانیان بڵاو کردووەتەوە.
ئەو میدیایانە هەروەها ڕایانگەیاندووە کە بەشێک لە سەربازەکان سەرەڕای بانگهێشتکردنیان بۆ ڕیزەکانی سوپای زایۆنیستی، ڕەتیانکردووەتەوە بچنە ناو سوپاوە./.