بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد کازم ئالی سادق پەیامێکی لە سەر هەڵبژاردنی مەحمود مەشهەدانی وەک سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە ” پیرۆزبایی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکەم. ئەم هەڵبژاردنە پەیامێکی ئەرێنییە بۆ سەقامگیری سیاسی و کۆدەنگی نیشتمانی بە تایبەت لە سێبەری ڕووداو و کێشەکانی ئێستای ناوچەکەدا “.
باڵیۆزی ئێران لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ” هیوادارین حکومەت و گەلی عێراق بەرەو پێشکەوتن و گەشەسەندن و یەکڕیزی و یەکگرتوویی زیاتر هەنگاو بنێن “.
ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو 31 ی تشرینی یەکەمی 2024، پەرلەمانی عێراق لە چوارەم دانیشتنی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، مەحمود مەشهەدانی یەکێک بە بەناوبانگترین سیاسەتمەدارانی ئەم وڵاتەی وەک سەرۆکی نوێ هەڵبژارد.
پاش لادانی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پێشوو، پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆک بووە./.