بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیا و چاپەمەنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لەم چەند ڕۆژەدا باس لە ئامادەبوونی ئەو ڕژێمە بۆ وەڵامی سەربازیی ئێران دەکەن. لە گەڵ ئەمەش، چەند میدیایەکی زایۆنیستی بە گێڕانەوە لە کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایانگەیاندووە کە تەل ئەبیب بەدواداچوون بۆ ڕەوتی بڕیاردان لە تاران دەکات.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکەن کە هێرشەکە دەکرێت یان نە؟ ئەگەر بکرێت کەی و لە کوێوە دەبێت؟ سەرچاوە زایۆنیستەکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەو ڕژێمە لەوپەڕی ئامادەباشیدایە و ئەمجارەش پێگە سەربازییەکان دەکرێنەوە ئامانج.
لە ئێستادا پێدەچێت کە لە کۆبوونەوەکانی کابینەی ڕژێمی زایۆنیستیدا باس لەوە نەکرێت کە ئێران وەڵام دەداتەوە یان نە. لە بەر ئەوەی کە بەدەر لە شرۆڤە و لێکدانەوەی میدیایی و سیاسی، بە پێی لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی، بە تایبەت وتەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و هەورەها لێدوانی وتەبێژی فەرمی سوپای پاسداران، بەو ئەنجامە دەگەین کە ئێران بە دڵنیاییەوە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی دەداتەوە. لە ئێستادا کابینەی ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵ دەدات بزانێت هێرشەکە کەی و لە کوێوە دەبێت؟ ئایا پێش یا پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکایە؟ ژمارەیەک لە میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایانگەیاندووە کە وەڵامەکەی ئێران پاش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەبێت. هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا رۆژی سێ شەممە 5 ی تشرینی دووەمی 2024 دەبێت.
بەڵام ڕۆژنامەی مەعاریۆ ڕایگەیاندووە کە کەناڵی سی ئێن ئێن لە سەر زاری بەرپرسێکی باڵاوە جەختیکردووەتەوە کە ئێران سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ وەڵامێکی بەهێز و یەکلاکەرەوە و ڕەنگە وەڵامەکەش پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران داوای لە بەرپرسانی پەیوەندیدار کردووە کە هەڵەی حیساباتی دوژمن تێکبدەن، لە بەر ئەوەی کە ئەو ڕژێمە هێشتا لە هێز، توانا، داهێنان و ئیرادەی گەلی ئێران تێنەگەیشتووە و ئەمجارە دەبێت لەوە تێبگات.
لە ئێستادا سەرچاوە ئاگادارەکان لە ئێرانەوە ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکەی بەڵێنی ڕاستگۆیانەی 3، کارێکی پێکەوەیی و لە چەند و چۆنیەتیدا لانیکەم دوو هێندەی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیانەی 2 دەبێت و تەنیا لە مووشەکدا کورت ناکرێتەوە. ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە مووشەکەکانی ئەمجارەی ئێران کڵاوەی قورستر و گەورەتریان بەراورد بە مووشەکەکانی دوو ئۆپەراسیۆنەکەی ڕابردوو دەبێت. ئەوان ڕایانگەیاندووە کە ئێران پێشتر پلانی وەڵامدانەوەی هەر دەسدرێژییەکی ڕژێمی زایۆنیستیی ئامادە کردووە و لە ئێستادا و پاش دەسدرێژییەکەی ئەم دواییەی زایۆنیستەکان، تەنیا نوێبوونەوەیەکی تێدا دەکرێت و دەتوانین بڵێین کە بە تەواوی ئامادەیە.
ئاشکرایە کە یەکەم: هەر ئۆپەراسیۆنێکی ئێران وەڵام و کاردانەوەیە لە بەرامبەر خراپی و دەسدرێژی ڕژێمی زایۆنیستی و دووەم: گۆڕینی حیساباتی هەڵەی ئەو ڕژێمەیە و سێهەم: یارمەتیدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە و ڕێگری لە هەڵگیرسانی شەڕە لە ئەنجامی حیساباتی هەڵەی دوژمنی زایۆنیستی و ئەمریکی.
ئێران لە پێگەیەکدا نییە کە خۆی بە لاواز پیشان بدات، لە بەر ئەوەی کە هەر دانبەخۆداگرتنێک لەم قۆناغەدا دەبێتە هۆی حیساباتی هەڵەی دوژمن و ڕەنگە ئەنجامی خراپی بە دواوە هەبێت. بە پێی ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی تەنیا لە زمانی زۆر تێدەگات و بۆ ڕێگری لە تاوانەکانی بنیامین نتانیاهۆ دەبێت بە توندی وەڵامی دەسدرێژییەکەی بدرێتەوە.
هەر بۆیە ئێستا دەرفەتێکی گەورەیە کە ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی پاش ساڵانێک لە ڕێگای ئیرادەی ئێران و لە پاش چەندین ساڵ چاوەڕوانی، تامی خراپییەکانی خۆی بە هێرشێکی بەهێزی ئێران بچێژێت. وەڵامەکەش دەبێت هێندە بەهێز بێت کە دەست و قاچەکانی ئەو ڕژێمە کورت بکاتەوە و چیدی درێژە بە تاوان و دەسدرێژییەکانی لە ناوچەکە نەدات، ئەگەریش وەڵام بداتەوە، ئەو کات دەبێت چاوەڕوانی هێرشێکی تەواو جیاوازتر لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیانەی 1، 2 و 3 بێت و بە ئامانجەکانی ئێستاوە سنوردار نابێت.
باشترە ڕژێمی زایۆنیستی سەرقاڵی کێشە ناوخۆییەکانی خۆی بێت کە هەڕەشەی جیدی لە مانەوەی دەکەن و بە خێرایی کۆتایی بە شەڕی غەززە و لوبنان بێنێت./.