بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” لە کاتێکدا کە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئۆتۆمبێلەکان و تەنانەت ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاری خێرا لە باشوری لوبنان، هەندێک ناچارن بۆ دەستخستن و دابینکردنی دەرمان بە پێ سەردانی بەیروت بکەن “. ئەمە قسەی خالید دانیشتووی شارۆچکەی مەرجەعیونی باشوری لوبنانە.
دەسدرێژی و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر لوبنان و بۆردومانی سەدان دەرمانخانە لە ناوچە جیاجیاکان بە تایبەت باشوری ئەم وڵاتە، بووەتە هۆی کەمبوون و نەمانی هەندێک دەرمان و کەرەستەی پزیشکی لە بازاڕدا.
نیهاد خانمە دەرمانسازێکی دانیشتووی شارۆچکەی حولای باشوری لوبنانە کە بە هۆی بۆردومانی خانوو و بەشێک لە دەرمانخانەکەی لە لایەن زایۆنیستەکانەوە بەناچار بۆ بەیروت کۆچیکردووە و تەنیا بەشێک لە دەرمانە پێویستەکانی نێو دەرمانخانەکەی لە گەڵ خۆی بردووە.
ئەو دەرمانسازە لوبنانییە بە ئاماژە بە دۆخی نالەباری نەخۆشەکان لە نێو شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان لە بەیروت، ڕایگەیاند کە دەرمانخانەیەکی بچووکی لە نێو ژووری یەکێک لە خوێندنگەکان کردووەتەوە و دەرمانی پێویست بە خەڵک دەدات.
نیهاد ڕوونیکردووەتەوە کە گەورەترین کێشە ئەوەیە کە دەرمانی پێویست لە بەردەستدا نییە و نەخۆشەکان بە بێ سەردانیکردنی پزیشک داوای دەرمان دەکەن، سەرەڕای ئەمەش دەرمانەکان بە هەمان نرخی پێش شەڕەکە لە نێو خەڵکدا دابەش دەکرێت.
ئەو دکتۆرە دەرمانسازە ڕایگەیاندووە کە پاش کۆتایی هاتنی شەڕەکە بۆ باشوری لوبنان دەگەڕێتەوە و دەرمانخانەکەی نۆژەن دەکاتەوە و دەست بەکارەکانی پێشووی دەکاتەوە و وتی: دەرمانخانە بەشێک لە ژیانی منە کە ژیان دەبەخشێتە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک و بە کۆتایی هاتنی شەڕ دیسانەوە دەست پێدەکەینەوە.
جو سەلوم سەرۆکی یەکێتی دەرمانسازەکانی لوبنان بە میدیایەکی عەرەبیی ڕاگەیاندووە کە لەم وڵاتەدا نزیکەی 3 هەزار و 500 دەرمانخانە بوونی هەیە. ئامارە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە نزیکەی 300 دەرمانخانە بە هۆی بۆردومانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە زیانیان پێگەیشتووە.
ئەو بەرپرسە لوبنانییە جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەزارەتی تەندرووستی نرخی دەرمانەکان دیاری دەکات و ڕێگری لە گرانبوونی نرخی دەرمان کراوە و وتی: بە مەبەستی ڕێگری لە دووبارەکردنەوەی سیناریۆی ساڵی 2019 کە بازاڕ گرانی و کۆگاکردنی دەرمانی بە خۆوە بینی، لە ئێستادا نرخەکان ئاساییە و دەرمان بە پێی پێویست بە سەر هەر نەخۆشێکدا دابەش دەکرێت.
سەلوم ڕایگەیاند کە پاشەکەوتی دەرمان بۆ دابینکردنی پێویستی نەخۆشەکان تا 4 مانگی دیکەیە و وتی: هەندێک دەرمانی نەخۆشییە تایبەتەکان کەمبووەتەوە و یەکێتی دەرمانسازان داوای لە حکومەت کردووەتە کە لە دەرەوە هاوردە بکرێت، هەروەها داواکراوە کە حکومەت لە رێگای وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە لە چوارچێوەی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان ئەو دەرمانانە دابین بکات.
سەختی دەسکەوتنی دەرمان لە باشوری لوبنان
ناوبراو وتی: ژمارەیەکی زۆر لە دەرمانسازەکان لە ناوچە سنوری و زیانپێگەیشتووەکاندا لە دۆخێکی سەخت و دژواردا سەرقاڵی کار و چالاکی خۆیانن و لە نەبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی گیانی خۆیان بۆ دابینکردن و دابەشکردنی دەرمان خستووەتە مەترسییەوە، ئەوان لە ژێر بۆردومانەکاندا دێنە بەیروت تا دەرمان و پێداویستییەکانی دیکە دابین بکەن و بە نەخۆشەکان و ناوچەکانی باشوری بیگەێنن.
سەرۆکی یەکێتی دەرمانسازانی لوبنانی جەختیکردەوە کە سەرەڕای ئەم دۆخە دژوارە و زیانەکانی شەڕ، بەڵام درێژە بە گەیاندنی هاوکاری لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان دەدات.
خالید دانیشتوویەکی شارۆچکەی مەرجەعیونی باشوری لوبنانە کە بە پێچەوانەی کەسانی دیکە ئامادە نەبووە لەم دۆخەی شەڕدا کۆچ بکات. ئەو ڕایگەیاندووە کە بە ڕووخانی دەرمانخانەکانی ئەم شارۆچکەیە، بۆ دابینکردنی دەرمانی ئەندامانی بنەماڵە و کەسانی نزیک لە خۆیان، ناچارە بگاتە بەیروت، ئەویش لە کاتێکدا کە ڕژێمی زایۆنیستی ئۆتۆمبێلەکان و تەنانەت ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاری خێرا دەکاتە ئامانج و ڕێگاوبانە سەرەکییەکانی مەرجەعیونیش بە هۆی بۆردومانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە ڕووخاوە.
هیشام فواز سەرۆکی بەشی نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکانی تەندرووستی و ئەندامی ژووری عەمەلیاتی فریاگوزاری خێرای وەزارەتی تەندرووستی لوبنان ڕایگەیاندووە کە دەسدرێژی دوژمنی زایۆنیستی بۆ سەر کەرتی تەندرووستی لوبنان بە پێچەوانەی سەرجەم ڕێکەوتن و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بەشێکی زۆر لە نەخۆشخانە سنورییەکان ئیش و کاری خۆیان بۆ ناوچەکانی دواتر گواستووەتەوە و ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی و خاچی سوری نێودەوڵەتی وەڵامی داواکارییەکانی خەڵکیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوەندە تەندرووستییەکان نەداوەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە حزبوڵڵای لوبنان سەرجەم هەوڵەکانی بۆ دابینکردنی دەرمان بۆ ئاوارەکان لە هەر شوێنێکی ئەم وڵاتە بەکارهێناوە./.