بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەوکردنی بەکتریای گەدە ئێچ پایلۆری هەوکردنێکی باوە و بە گشتی بۆ زۆربەی خەڵک بێ زیانە. بەڵام هەندێک جار دەکرێت ببێتە هۆی برین لە گەدە (برینەکانی گەدە) یان لە دوانزەگرێ (برینەکانی دوانزەگرێ). هێشتا ڕوون نییە بۆچی هەندێک کەس لەوانیتر زیاتر زیانیان بەرکەوتووە یاخود بەردەکەوێت لە بابەتی برینەکانی گەدە بەهۆی بەکتریای گەدەوە.
دەرمانی دژە هەوکردن
دەرمانەکانی NSAID دەرمانێکی دژە هەوکردنی ناستیرۆیدین کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردێن بۆ چارەسەرکردنی ئازار، پلەی گەرمی بەرز (تا) و هەوکردن.
بە گشتی ئەو جۆرانەی NSAIDs کە بەکاردێت بریتین لە:
ئایبۆپرۆفین.
ئەسپرین.
ناپرۆکسین.
دیکلۆفیناک.
زۆرێک لە خەڵک بە بێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی لاوەکیان هەبێت، دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆیدی وەردەگرن. بەڵام هەمیشە مەترسی هەیە کە دەرمانەکە لەوانەیە ببێتە هۆی کێشە، وەک برینەکانی گەدە، بە تایبەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر یان ژەمێکی زۆر بەکاربێت.
هەروەها ئەو کەسانەی برینی گەدەیان هەیە بۆ چارەسەرکرندی هەوکردنەکانیان پێشنیار دەکرێت لە بری دەرمانی دژە هەوکردنە ناستیرۆیدییەکان دەرمانیتر بەکاربهێنن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی زیاتر و دوورکەوتنەوەی مەترسی و ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بەو دەرمانانە و برینەکانی گەدەوەیە. پاراسیتامۆل زۆرجار دەتوانرێت بەکاربهێنرێت وەک جێگرەوەی ئازارلادەر لە بری دەرمانە دژە هەوکردنە ناستیرۆیدییەکان.
هۆکارەکانی شێوازی ژیان
بەڵگەی کەم هەیە کە هەندێک هۆکاری شێوازی ژیان، وەک خواردنی تیژی، بوونی فشاری دەروونی و بەکارهێنانی خواردنە کحولییەکان، دەبنە هۆی برینی گەدە. بەڵام هەمیشە دەکرێت کە ئەمانە نیشانەکانی برینی گەدە خراپتر بکەن. هەروەها جگەرەکێشان مەترسی تووشبوون بە برینەکانی گەدە زیاد دەکات و دەکرێت هۆکارێک بێت تا ڕێگاکانی چارەسەری کەمتر کاریگەر بن./.