بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 4 ی تشرینی دووەمی 2024، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی لە تاران، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن وەڵامی ئەمجارەی ئێران بۆ دەسدرێژییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە خاکی عێراقەوە دەبێت.
ناوبراو وتی: پشتیوانی لە سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی دیکە، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ئێمە و بە کردەوە ئەمەشمان سەلماندووە.
بەقایی وتی: شێوازەکانی وەڵامدانەوەی ئێمە بۆ دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕوونە و لە هەمان کاتدا ئاساییە کە کەڵک لە سەرجەم تواناکانی خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی دەسدرێژییەکانی ئەو ڕژێمە وەربگرین./.