بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەسەدی لە وتووێژی لە گەڵ گۆڤاری نیوزڤیکی ئەمریکی، سەبارەت بە دەسدرێژییەکەی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر ئێران و پێناسەکردنی وەک هەنگاوەی لاوازی سەربازی، وتی: نەک تەنیا بزوتنەوەی نۆجەبا، بەڵکوو سەرجەم لایەنەکانی خۆڕاگریی عێراق، لە سەر بەکارهێنانی ئاسمانی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە کاردانەوەیان دەبێت.
ناوبراو وتی: بە پێی زانیارییەکانی ئێمە، ڕژێمی زایۆنیستی لە هێرشێکی لاوازی خۆی بەدەر لە ئاراستەکردنی چەند مووشەکێک لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کە زۆربەیان خرانەخوارەوە، 10 تا 20 فڕۆکەی شەڕکەری لە هەرێمی ئاسمانی سوریا و ئەردەن و سعوودیەوە بەکارهێنا.
ئەسەدی وتی: ئەگەر بسەلمێندرێت کە ئەمریکییەکان موڵەتی بەکارهێنانی ئاسمای عێراقیان بە ڕژێمی زایۆنیستی داوە، بنکە سەربازییەکانی دەکەینە ئامانج.
سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی بزوتنەوەی نۆجەبا وتی: متمانەمان بە هیچ بەڵێنێکی داگیرکارانی ئەمریکی نییە، لە هەمان کاتدا ڕێگامان بە ڕووی دیپلۆماسیدا کردووەتەوە و ئەگەر ئەمریکییەکان پابەندی ئەو کاتە دیاریکراوە نەبن، بە سەرشۆڕی لە ژێر گورزی سەربازی و ئاگری خۆڕاگری ئیسلامی عێراقدا دەردەکرێن./.