بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕاپۆرتێکی ڕۆژی دووشەممە 4 ی تشرینی دووەمی 2024 ی پێگەی ئەکسیۆس ڕایگەیاندووە کە ڕێکەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و سعوودیە تەنیا ڕێکەوتنێکی سەربازی و بەرگری نییە. محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە و کۆشکی سپی دەیانەوێت پێش ئەوەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو دەسەڵاتەکەی بە کۆتایی بگات، بگەنە ڕێکەوتن.
پێش شەڕی داگیرکاران لە دژی غەززە، ئەمریکا سەرقاڵی دانوستان لە گەڵ سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن بوو کە چەندین بڕگەی وەک ڕێکەوتنی سەربازی و بەرگری، ناسەربازی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕیاز و تەل ئەبیبی لەخۆدەگرت. سعوودیە بە هۆی شەڕی غەززەوە دانوستانەکانی تایبەت بەو ڕێکەوتنەی هەڵپەسارد و مەرجی ئەوەی دیاریکردووە کە هەر ئاساییکردنەوەیەکی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، پەیوەندی بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینەوە هەیە.
ئەکسیۆس ڕایگەیاندووە کە موسا بن محەممەد ئەلعیبان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سعوودیە لەم ماوەیەدا سەردانی ئەمریکای کردووە و لە گەڵ جیک سالیوان هاوتاکەی و هەروەها لە گەڵ برێت مەکگۆرک و ئامۆس هۆخشتاین لە ڕاوێژکارانی بایدن کۆبووەتەوە.
پێگە ئەمریکییەکە ڕایگەیاندووە کە دانوستانەکان لە کۆشکی سپی سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان واشنتن و ڕیاز بە تایبەت کۆمەڵە ڕێکەوتنێکی ئەمنی، تەکنۆلۆژیایی و ئابوری بووە کە بایدن پێش جێهێشتنی کۆشکی سپی واژۆیان لە سەر دەکات، بن سەلمان بەو ئەنجامە گەیشتووە کە واژۆکردنی ئەو ڕێکەوتنانە تەنیا لە لایەن ئیدارەی بایدنەوە دەکرێت.
سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوەداوە کە ڕێکەوتنەکەی واشنتن و ڕیاز، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی لەخۆناگرێت.
ئەکسیۆس ڕایگەیاندووە کە ڕێکەوتنەکە هاوشێوەی ئەو ڕێکەوتنە ئەمنییە دووقۆڵییانەی ساڵانی ڕابردووی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارسە کە پێگەی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بەهێزتر کردووە.
پێشتر فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە ڕایگەیاندبوو کە ڕیاز ڕەنگە بە خێرایی بەرەو واژۆکردنی ڕێکەوتنەکەی لە گەڵ واشنتن هەنگاو بنێت، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕێکەوتنەی کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیسرائیل دەستەبەر بکات، دووربکاتەوە./.