بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم لە وتارێکدا بە بۆنەی چلەی شەهیدبوونی سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی پێشووی حزبوڵڵای لوبنان، وتی: شەهید نەسروڵڵا هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای لە حیزبدا کۆکردەوە، لە بەر ئەوەی کە حزبوڵڵا حیزبی ئازادیخوازەکان، تێکۆشەران و کەسە بەشەرەفەکانە.
ناوبراو وتی: شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا بە شەهیدبوونی زیندوو دەمێنێتەوە و ئێمەش درێژە بە ڕێبازەکەی دەدەین.
سڵاو بۆ بەرەی خۆڕاگری و لە سەرووی هەمووانەوە ئێران دەنێرین
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: ئێمە لە بەردەم شەڕ و دەسدرێژییەکی تاوانبارانەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر لوبنانداین و سڵاو بۆ بەرەی خۆڕاگری لە یەمەن تا عێراق و لوبنان و لە سەرووی هەمووانەوە پشتیوانی گەورەی کۆماری ئیسلامی ئێران و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دەنێرین.
شێخ نەعیم قاسم بە ئاماژە بە پیلانەکانی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: لە ساڵی 2006 ەوە مەشق و ڕاهێنان و پڕچەککردن و دابینکردنی پێداویستییەکانمان دەستپێکرد و دەمانزانی کە ئەم شەڕە ڕوو دەدات.
ناوبراو وتی: پێکهاتەی دەسەڵاتی ڕژێمی زایۆنیستی بریتییە لە کۆمەڵکوژی، کوشتنی خەڵکی مەدەنی، ستەم و داگیرکاری و هەڵسووکەوتی دڕندانە.
کارێک دەکەین کە دوژمنی زایۆنیستی داوای ئاگربەست بکات
شێخ نەعیم قاسم وتی: بە بۆچوونی ئێمە گۆڕەپانی شەڕ و بەرەی ناوخۆیی دەبێتە هۆی ڕاگرتنی شەڕ.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی مووشەک و درۆنەکانی خۆڕاگرییەوە تووشی شکستێکی گەورە بووە و شوێنێک لەم ڕژێمەدا نییە کە لە درۆن و مووشەکەکانی بەرەی خۆڕاگرییەوە پارێزراو بێت و ڕۆژانی داهاتوو ئەمە دەسەلمێنێت.
بە گۆڕانکارییە سیاسییەکان یان هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دڵخۆش نین
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان وتی: ئێمە تەنیا پشت بە گۆڕەپانی شەڕ دەبەستین و بە گۆڕانکارییە سیاسییەکان یان هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دڵخۆش نین و تەنیا ڕێگای بەردەم گرووپەکانی خۆڕاگری، ڕێگرییە لە مسۆگەربوونی ئامانجەکانی دوژمنی زایۆنیستی.
ناوبراو وتی: هەوڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ئاوارەکردنی خەڵک شکستی هێناوە و بەم هۆیەوە دوژمن هەوڵی ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوان ئاوارەکان و خانەخوێکانیان دەدات و ئەمەش ڕوبەڕوی شکست بووەتەوە.
بەهێزتر دەبین
شێخ نەعیم قاسم وتی: بەرەی خۆڕاگری سەرەڕای کەمبوونی پێداویستییە سەربازییەکان بەرەو بەهێزتربوون دەڕوات و ئەنجامی خۆڕاگری لە ڕوانگەی ئێمەوە سەربەرزی و سەرکەوتنە.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: تەنیا بیر لە بەردەوامی خۆڕاگری دەکەینەوە و ئەوەی کە بە لامانەوە گرنگە، بەردەوامی خۆڕاگری و پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنە.
بنەمای دانوستان ڕاگرتنی دەسدرێژییە
شێخ نەعیم قاسم وتی: ئەگەر دوژمن بیر لە ڕاگرتنی دەسدرێژی بکاتەوە، باشترین ڕێگا دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای حکومەت و بنەمای سەرەکی هەر دانوستانێک ڕاگرتنی دەسدرێژی و پشتیوانی لە سەروەری لوبنانە.
ناوبراو وتی: داوا لە سوپای لوبنان دەکەین هەڵوێست و شووناس و رۆڵی هێزەکانی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی ڕوون بکاتەوە.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند کە زیاتر لە هەزار سەرباز و ئەفسەری سوپای ڕژێمی زایۆنیستی کوژراون و بریندار بوون./.