بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد تەمیمی لیوای خانەنشینی سوپای عێراق و شارەزا لە کاروباری سەربازی سەبارەت بە سەرکەوتنی دوناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا وتی: عێراق ئەزموونێکی تاڵی لە گەڵ ترەمپدا هەبووە و سیاسەتمەدارانی عێراقی لەوبڕوایەدان کە بڕیار و کردەوەکانی ناوبراو پێشبینیکراو نییە و گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لەم دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکە و جیهاندا گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی واشنتن دەکات و ئەمەش ڕەنگە جیهان بەرەو هەڵگیرسانی شەڕی سێهەمی جیهانی ببات.
ناوبراو وتی: ترەمپ چەندین بەڵێنی سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکراینا داوە و سەرەڕای ئەو هەموو قسە و باسەی لە سەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشتیوانییەکانی بۆ ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی زیاتر دەبێت، بە واتای ئەوەی کە پێشنیاری هاوپەیمانی زیاتر لە گەڵ تەل ئەبیب دەدات و ئەمەش ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات.
تەمیمی وتی: نابێت ئەوە لەبیربکەین کە ترەمپ بوو باڵیۆزخانەی ئەمریکای بۆ شاری قودس گواستەوە و ئەو بڕیارەش توڕەییەکی زۆری لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا لێکەوتەوە.
ئەو شارەزا سەربازییە وتی: بە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، سێ کێشەی گەورە هەیە کە گرنگترینی ئەو کێشانەش ئەمنییە، لە بەر ئەوەی کە ڕەنگە ناوبراو ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆی گرووپەکانی خۆڕاگریی عێراق هەڵبژێرێت و سیاسەتی تیرۆر و سەپاندنی سزا ئابوری و داراییەکان بە سەر ئەم وڵاتەدا بسەپێنێت و ئەمەش زیانی زۆری بۆ حکومەتی بەغدا دەبێت.
ڕاشیگەیاند کە ترەمپ لەم ڕێگایەوە هەوڵ دەدات عێراق بکاتە شوێنکەوتووی سیاسەتەکانی ئەمریکا و لە ڕێگای بەغداشەوە گوشارەکانی لە سەر تاران زیاتر بکات./.