بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی سەرۆکی ئەنساروڵڵای و سەرۆکی مەعنەوی شۆڕشی یەمەن لە وتارێکدا دوایین گۆڕانکارییەکانی شەڕی غەززە و لوبنان، ناوچەکە و جیهانی تاوتوێ کرد.
ناوبراو سەرەتا بە ئاماژە بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە وتی: دوژمنی زایۆنیستی لەم هەفتەیەدا زیاتر لە 30 تاوانی کردووە کە تێیدا زیاتر لە 1300 فەڵەستینی شەهید و بریندار بوون، زۆربەی ئەوان ژن و منداڵ بوون، خەمڵاندنەکان پیشان دەدات کە بە هۆی چڕبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی باکوری غەززە زیاتر لە 2 هەزار فەڵەستینی شەهید و زیاتر لە 4 هەزاری دیکەش بریندار بوون.
حوسی وتی: دوژمنی زایۆنیستی ڕێگری لە گەیاندنی خۆراک و پێداویستی پزیشکی بۆ کەرتی غەززە دەکات و بە هۆی بۆردومان، کوشتار و برسێتییەوە ئاوارەیی زۆرەملێ بە سەر دانیشتووانی ئەم ناوچەیەدا سەپێندراوە.
سەرۆکی شۆڕشی یەمەن وتی کە برایانی تێکۆشەری ئێمە لە کەرتی غەززە خۆڕاگرانە درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن و زیانێکی زۆر بە دوژمن دەگەێنن.
سەید عەبدولمەلک حوسی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا وتی: سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا کەوتوونەتە خزمەتی پرۆژەی زایۆنیستییەوە، بایدن بە عەرەبەکانی ڕاگەیاند کە بڕوای بە پرۆژەی زایۆنیستی هەیە کە خاک، سەربەرزی، وڵات، نیشتمان، سامان و پیرۆزییەکانی ئەوانی کردووەتە ئامانج.
ناوبراو وتی: ئەو سەرکردە عەرەبانەی کە بۆ وەفاداری بەرامبەر بە ترەمپ و شوێنکەوتنی کێبڕکێ دەکەن، لە ڕوانگەی ئەوەوە هەرچەندە وەفاداریش بن، هیچ بایەخێکیان نییە.
حوسی وتی: ترەمپ وڵاتانی عەرەبی وەک مانگایەکی شیردەر دەزانێت و هەندێک لە عەرەبەکانی ناچار کردووە کە خزمەتکاری ڕژێمی زایۆنیستی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بن./.