بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی مەعاریۆ ڕایگەیاندووە کە ڕاوێژکاری بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ کاروباری دادوەری، ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە لێکۆڵینەوەکان لە ناوبراو بە هۆی دزەکردنی زانیارییە نهێنییەکان لە نووسینگەکەی دەستیپێکردووە.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە لە پاش ڕەزامەندی ڕاوێژکاری دادوەری حکومەتی ڕژێمی زایۆنیستی، ئەگەری دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی نوێ لە دژی نتانیاهۆ لە ئارادایە.
دادگای باڵای ڕژێمی زایۆنیستی هەواڵی دەستبەسەرکردنی چوار تۆمەتباری دۆسیەی دزەکردنی زانیارییە نهێنییەکانی ڕاگەیاندووە، لەوانەش ئیلی فێڵدشتاین وتەبێژی نتانیاهۆ و سێ کەسی دیکە لە وەزارەتی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی.
بەنی گانتز و یائیر لاپید سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایانگەیاندووە کە نتانیاهۆ لە بەرامبەر دزەکردنی زانیارییە نهێنییەکان لە نووسینگەکەی بەرپرسیارە و هەوڵەکانی بۆ خۆدزینەوە لەم پرسەش سوودێکی نییە./.