بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێیەکەی لە باکوری غەززە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە، سوپای زایۆنیست هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و ژێرخانی میدیایی چڕتر کردووەتەوە و لانیکەم پێنج فەرمانبەری میدیاکانی شەهید کردووە.
جگە لەوەش، هێزەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی هەڵمەتێکی تێکدەرانەیان لە دژی شەش ڕۆژنامەنووسی کەناڵی جزیرە دەستپێکردووە کە خەریکی ڕووماڵی بارودۆخی مەدەنیی باکوری غەززە بوون.
کۆمیتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا هیچ ڕۆژنامەنووسێکی پیشەیی لە باکوری غەززە نەماوە و چەند دەزگایەکی نێودەوڵەتی وەک هەڵمەتێکی بەردەوامی پاکتاوی نەتەوەیی لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە پێناسەیان کردووە.
گروپێک لە ١٥ سەرۆکی دەزگا سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا هۆشدارییان داوە کە دۆخی باکوری کەرتی غەززە وەک دواڕۆژە و تەواوی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە لە مەترسی مردنی نزیکدان بە هۆی نەخۆشی و برسێتی و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە.
١٣ مانگ بە سەر دەستپێکی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی گەلی فەڵەستین لە غەززە تێدەپەڕێت، ئەم ڕژێمە ڕێگەی بە هیچ میدیای نێودەوڵەتی نەداوە سەربەخۆ بچێتە ئەم ناوچەیە.
کارلۆس مارتینێز دی لا سێرنا، بەڕێوەبەری پرۆگرامی CPJ، هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی بۆ سەر میدیاکان و هەڵمەتی لەناوبردنی متمانەی ڕۆژنامەنووسان لە غەززە بە تاکتیکێکی بە ئەنقەستی ئەو ڕژێمە ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە تەل ئەبیب هەوڵدەدات ڕێگری لە ئاشکرابوونی ئەو تاوانانە بکات کە لە غەززە ئەنجامی دەدات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە کە ڕۆژنامەنووسان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پشتڕاستکردنەوەی ڕووداوەکانی شەڕ و ڕایگەیاندووە کە بە بێ ئەوان جیهان ناتوانێت مێژوو بنووسێت.
لە یەک ساڵدا لە شەڕی وێرانکەری ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، ئەم ڕژێمە پێشینەی تاوانکاری جیهانی بۆ خۆی بردووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی CPJ، لە سێ دەیەی ڕابردوودا ڕۆژنامەنووسان زیاتر لەم شەڕەدا کوژراون بە بەراورد بە هەر ململانێیەکی دیکە.
هەروەها ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕژێمی زایۆنیستی لە پلەی دووەمدایە لە لیستی ئەو کەسانەی کە خۆیان لە لێپرسینەوە و سزادان بە هۆی کوشتنی ڕۆژنامەنووسانەوە دوور خستووەتەوە.
جۆدی گینسبێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری CPJ لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی کارەکانیانەوە ڕۆژنامەنووسان دەکەنە ئامانج و ڕژێمیش هیچ ئارەزووی سزادانی ئەو کەسانەی نییە کە ڕۆژنامەنووس دەکوژن.
ناوبراو ئاساییبوونەوەی بێ سزادانی کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی بە نیگەرانییەکی گەورە زانیوە.
لەمبارەیەوە، ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە ڕۆژنامەنوسان چاو و گوێی ئەو جیهانەن کە دەسووتێت، ئەوانیش دەنگی قوربانیانی قەیرانن.
ناوبراو نیگەرانی خۆیی لە دۆخی مەترسیداری ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە فەڵەستین کوژراون لە ڕادەبەدەر زۆرە و پێویستە زۆر باشتر بپارێزرێن.
بە پێی ڕاپۆرتی نووسینگەی ڕاگەیاندنی غەززە، لە ماوەی شەڕی یەک ساڵ زیاتری ڕژێمی زایۆنیستی و لە هەمان کاتدا سنووردارکردنیان بۆ ئامادەبوونی ڕۆژنامەنووسان لە غەززە، 188 چالاکی ڕاگەیاندن شەهید بوون.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە سەرەڕای بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کردووە، ڕژێمی زایۆنیستی هێرشی وێرانکەری دژ بە غەززە ئەنجام داوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 43 هەزار و 500 کەس شەهید بوون کە لە سەدا حەفتایان ژن و منداڵ بوون. هەروەها زیاتر لە 102 هەزار و 700 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە ئێستادا ڕژێمی زایۆنیستی لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێکەوتننامەی جینۆسایدی ساڵی 1948 دۆسیەی بۆ کراوەتەوە و کوشتنی ڕۆژنامەنووسان، پەیامنێران و چالاکوانانی میدیایی فەڵەستینی بەشێکە لە بەڵگەکانی ئەم دۆسیەیە./.