بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە، بە ئاماژە بەوەی کە بە هۆی زۆربوونی ئیش و کاری بەڕێوەبردنی وڵاتەوە نەیتوانیوە وەڵامی بانگهێشتنامەکەی شای ئەو وڵاتە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی ئیسلامی لە ڕیاز بداتەوە، ڕایگەیاند کە محەممەد ڕەزا عارف جێگری یەکەمی خۆی لەو کۆبوونەوەدا بەشدار دەبێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە جێنشینی سعوودیەی ڕاگەیاندووە کە گومان لەوەدا نییە ئەو کۆبوونەوە ئەنجامی کاریگەر و بەرچاوی لە ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و شەڕ و خوێنڕشتن لە غەززە و لوبنان دەبێت.
پزیشکیان هیوای خواستووە کە بە پێی ئیرادەی ڕێبەرانی هەر دوو وڵات، ئاستی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا بەرزتر ببێتەوە.
بن سەلمان: سەردانیکردنی ئێران مایەی شانازی منە
جێنشینی سعوودیەش لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕایگەیاند کە لە هەلومەرجی ئێستا تێدەگات و بۆ برایانی لە ئێران هیوای سەرکەوتنی هەیە.
محەممەد بن سەلمان وتی: دەرفەتی سەردانەکەی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سعوودیە بە گرنگ دەزانم و لە گەڵ ئەواندا کۆدەبمەوە.
ناوبراو دیسانەوە بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد کە سەردانی سعوودیە بکات و لە بەرامبەر بانگهێشتەکەی سەرۆک کۆماری ئێرانیش بۆ سەردانیکردنی تاران وتی: سەردانیکردنی ئێران مایەی شانازی منە و هیوادارم لە زووترین کاتدا دەرفەتەکەی دابین بکرێت./.