بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێران، ڕووسیا و تورکیا ڕۆژی سێ شەممە و لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ئاستانەی تایبەت بە سوریا، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە ئیدانەکردنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بڵاوکردەوە و بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی ناویان بردووە.
ئێران، ڕووسیا و تورکیا لەو بەیاننامەیەدا کۆمەڵکوژی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و هەروەها دەسدرێژییەکانی ئەو ڕژێمەیان لە کەرتی خۆرئاوا و لوبنان ئیدانە کرد و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنیان کرد.
هەر سێ وڵاتەکە ئیدانەی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستییان بۆ سوریا کرد و ڕایانگەیاندووە کە ئەو هێرشانە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە.
ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا جەختیان لە سەر بەردەوامی هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنکەرە کردووەتەوە.
ئەم وڵاتانە هەروەها دژایەتی خۆیان بۆ دزینی سەرچاوە سرووشتییەکان بە تایبەت نەوتی سوریا ڕاگەیاندووە./.