بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەمار بن جامع لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە برسێتی باکوری غەززە، وتی: دۆخی کەرتی غەززە ڕوبەڕوی کارەساتێکی گەورە بووەتەوە و ئەمەش بابەتێکی پێشبینیکراو بووە و ئەنجامەکەی هەمان ئەوەیە کە پێشتر هۆشداریی لە سەر درابوو.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ برسێتی لە نێو فەڵەستینییەکان لە پەرەسەندندایە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لە ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیسیتی لاوازە.
باڵیۆزی جەزایر بە ئاماژە بەوەی کە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، لاوازبوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە جێبەجێکردنی یاساکان پیشان دەدات، وتی: دۆخی کەرتی غەززە بەڕێکەوت ڕووینەداوە، بەڵکوو لە ئەنجامی سیاسەتی بەئەنقەستی گەمارۆ و سزادانێکە کە لە لایەن داگیرکارانەوە بە سەر ئەواندا سەپێندراوە.
ڕاشیگەیاند کە فەڵەستینییەکان بە واتای ڕاستەقینە لە برسێتیدا دەمرن و ئەمەش بە واتای بەکارهێنانی ئاشکرای برسێتییە وەک چەکێکی شەڕ و ئامانجەکەشی ئەوەیە کە باکوری غەززە چۆڵ بکرێت و دانیشتووانەکەی دەربکرێن./.