بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد حەکیم لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانەکەی ئەم دواییەی وەزیری نوێی دەرەوەی ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە هاوپەیمانێتی لە گەڵ کورد لە ناوچەکە، وتی: وەزیری نوێی دەرەوەی ڕژێمی خوێنڕێژی زایۆنیستی لە کاتێکدا ئەو پێشنیارەی کردووە کە ئێمە دەزانین ئەوە دڵسۆزی و خەمخۆری نییە، بەڵکوو دژایەتی تورکیا و ئێران و بەرژەوەندیخوازی ئەو ڕژێمەیە.
ناوبراو وتی: لە ڕاستیدا ئێمە وەک گەلی کورد هاوسۆز و هاوئازاری گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستینین نەک خوێنڕێژانی سەدە و ئەوانەی هەرچی ئاگر و ئاسن و بۆمب و چەکی قەدەغەکراو هەیە بە سەر ژن و منداڵی فەڵەستیندا باراندیان و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە و ئەمەش دەبێتە خوێنڕشتنی سەدە.
محەممەد حەکیم وتی: بۆیە دەڵێین ئێمەی کورد و ئێوەی خوێنڕێژ لە یەک دوورین و هیچ کاتێکیش ڕێگایەکمان نییە بۆ نزیکبوونەوە لە گەڵ ستەمکار و هەر کەس و گرووپیش دۆستایەتییان بکات یان بیری لێبکاتەوە بەر نەفرەتی گەلی کورد دەکەوێت و جگە لە خیانەت و خۆفرۆشی هیچی بۆ نامێنێتەوە./.