بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ئیسلامی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە 14 ی تشرینی دووەمی 2024 لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ ڕافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە تاران، وتی: پەیوەندی و سەردانەکانی نێوان ئێمە و بەڕێز گرۆسی هەموو کات بەرهەمدار و کاریگەر بووە، ئەمڕۆش وتووێژێکی بەرهەمدارمان هەبووە. کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە هەلومەرجێکدا کە ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستی دەکات، گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران وتی: دانوستانەکانی ئێمە لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە، ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی بێ کاریگەرکردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەدات و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەبێت رۆڵی خۆیان لە جێبەجێکردنی ئەرک و ڕاسپاردەکاندا بگێڕن.
ناوبراو وتی: ئێمە بەردەوام ڕامانگەیاندووە کە هەر دەستێوەردانێک لە کاروباری ناوەکی ئێران بە دڵنیاییەوە ڕوبەڕوی هەنگاوی بەرامبەر و بەپەلە دەبێتەوە.
محەممەد ئیسلامی بە ئاماژە بە هەندێک لە گوشارە سیاسییەکان لە دژی پلانی ناوەکی ئاشتیخوازانەی ئێران، جەختیکردەوە کە ئەم پلانە کاریگەری لە گوشارەکان وەرناگرێت و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکاندا بەردەوام دەبێت.
ڕافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکیش لە درێژەی ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وێڕای گرنگ ناوبردنی سەردانەکەی بۆ تاران، وتی: ئاژانس و ئێران ماوەیەکی زۆرە پێکەوە کار دەکەن و دانوستانی باشمان لە گەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێراندا هەبووە، ئێستا قۆناغێکی گرنگە کە دەبێت بگەینە ئەنجامێکی کرداری و بەرچاو و بە جیهان پیشان بدەین کە هەوڵی هاوبەش دەگاتە ئەنجام./.