بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هۆکاری زۆر هەیە بۆ قەڵەوی زۆر و زیادبوونی کێش، بەڵام ئەوەی هەندێک کەس درکی پێناکەن ئەوەیە کە ڕەنگە هۆکارە دەروونییەکان بە ڕوونی و ڕاستەوخۆ لە پشت ئەم بابەتەوە بوەستن.
فشاری دەروونی و دڵەراوکێ و خەمۆکی کاریگەری لە سەر جەستەمان و هۆرمۆنەکانی تەواوی جەستەمان هەیە، بە تایبەت هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ کە هۆرمۆنێکە دەبێتە هۆی تێکچوونی ئارەزووی خواردن.
زۆربەی ئەو کەسانەی بە دەست فشارە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن ڕێژەی شەکر و چەورییان زۆرە ئەمەش بە هۆی پێویستی جەستەیە بە کالۆری، هەربۆیە فشاری دەروونی دەبێتە هۆکارێک بۆ زیادبوونی کێش.
هەروەها کەسێک کە بەدەست تێکچوونی دەروونییەوە دەناڵێنێت و ناتوانێت ئەو فشار و دڵەڕاوکێیە بوەستێنێت ئەوا لەوانەیە هەندێک دەرمانی دژە خەمۆکی یان دژە فشار و دڵەڕاوکێ بخوات، ئەم دەرمانانە ئارەزووی خواردن باشتر دەکەن و دەبنە هۆی گۆڕانکارییەکی ئاشکرا لە کێشدا، ئەگەر یەکێکیت لەوانەی کە دەرمانی خەمۆکی دەخۆیت، پێویستە لە گەڵ پزیشکەکەت باسی سرووشتی ئەو گۆڕانکاریانە بکەیت کە لە کێشتدا ڕوودەدەن، بۆ ئەوەی ئەو جۆرانە هەڵبژێریت کە کاریگەرییان لە سەر ئارەزووی خواردن نابێت.
لێرەدا ڕێگاکانی کۆنتڕۆڵکردنی فشاری دەروونی بە ئاسانی دەخەینەڕوو:
گرنگی بە وەرزشکردن بدە.
ئاگاداری کارەکانی ڕۆژانەت بە.
تا دەتوانیت دوور بکەوەرەوە لەو کەسانەی کە هەستی نەرێنیت دەدەنێ.
ڕۆژانە کات بۆ خۆت تەرخان بکە.
گرنگی بە ئارەزووەکانت بدە.
ئەگەر گرژبوونی بەردەوامت هەبوو کە ناتوانیت وازی لێبهێنیت، ڕاوێژ بە پزیشکی دەروونی بکە./.