بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی لاریجانی ڕاوێژکاری باڵا و نێردەی تایبەتی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە سەردانی سوریای کرد و لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووە. ڕۆژی هەینیش گەیشتە لوبنان و لە گەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆبووە.
لاریجانی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی المیادین ڕایگەیاند کە هەڵگری پەیامێکی حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بۆ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا و نەبیە بەری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان بووە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە سەردانەکەی بۆ سوریا و لوبنان بۆ پشتیوانی لەم دوو وڵاتە و خۆڕاگری بووە.
ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەبارەت بە بانگەشەکەی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی بۆ داڕشتنی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی: پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا زۆر باسی ئەم بابەتەی کرد و پاش تێچوویەکی زۆر لە ناوچەکە هەڵهاتن، ئێستاش بنیامین نتانیاهۆ پشت بە ئەمریکییەکان دەبەستێت و ئەوەی کە لە داڕشتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا گرنگە، گۆڕەپانەکەیە نەک لێدوان./.