بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل بەقایی وێڕای ئیدانەکردنی تیرۆری شەهید محەممەد عەفیف بەرپرسی ڕاگەیاندنی حزبوڵڵای لوبنان، وتی: ئەم تیرۆرە پیشاندەری سرووشتی دژە مرۆیی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستییە.
ناوبراو وتی: شەهید محەممەد عەفیف دەنگی بوێری گەلی لوبنان و هێمای بڕوابوون بە ئەرکی ووشیارکردنەوە و ڕۆشنگەری ڕای گشتی سەبارەت بە ستەم و یاخیبوونی ڕژێمی داگیرکار و ڕەگەزپەرستی زایۆنیستی بوو کە تا دوا ساتەکانی لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بوو بۆ ئەوەی دەنگی ڕاست و درووست و زوڵملێکراویی خەڵکی لوبنان و فەڵەستین بە گوێی جیهانیاندا بگەێنێت.
بەقایی بە ئاماژە بە تیرۆری زیاتر لە 200 پەیامنێر و چالاکوانی میدیایی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە غەززە و لوبنان، وتی: تیرۆری پەیامنێران و چالاکوانانی میدیایی، تاوانێکی ئامانجدارە بۆ پێشخستنی پلانی کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی گەلی فەڵەستین کە بە ئامانجی ترساندنی میدیاکان و ناچارکردنیان بۆ ڕاگرتنی گەیاندنی هەواڵ لە سەر تاوانەکانی ئەو ڕژێمە دەکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: تیرۆری شەهید محەممەد عەفیف و پەیامنێرانی غەززە و لوبنان، هێمایەکی ڕوونی تاوانی جەنگە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە و پێویستە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دیوانی دادی نێودەوڵەتی هەنگاوی جیدییان لە پێناو دادگاییکردن و سزادانی سەرکردەکانی ئەو ڕژێمە هەبێت./.