بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەجید تەخت ڕەوانچی لە وتووێژی لە گەڵ ڕۆژنامەی فایننەشاڵ تایمز ڕایگەیاند کە ئێران دەرگای دانوستانی لە گەڵ حکومەتی داهاتووی ئەمریکا بە کراوەیی هێشتووەتەوە و هۆشدارییدا کە هەر سیاسەتێکی ترەمپ بۆ دووبارەکردنەوەی گوشارەکان بە ئامانجی وەرگرتنی ئیمتیاز تووشی شکست دەبێت.
ناوبراو سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەی ئێران لە گەڵ حکومەتی داهاتووی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ، وتی: سەبارەت بە دانوستانەکان، دەبێت تێبینی سیاسەتی ئەمریکا بکەین و بڕیار بدەین کە چۆن لە بەرامبەریدا کاردانەوەمان هەبێت. لە ئێستادا بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە حکومەتی داهاتووی ئەمریکا چ تێڕوانینێکی لە سەر ئێران، دۆسیەی ناوەکی، ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و … دەبێت.
جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران هێشتا دەتوانێت بنەمایەک بۆ دانوستانەکان بێت و بە نوێکردنەوە گوزارشت لە ڕاستییەکانی ئێستا بکات. بەردەوام ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر لایەنەکانی دیکە دەست بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان بکەنەوە، ئێمەش ئامادەین ئەو کارە بکەین.
تەخت ڕەوانچی وتی: ئێمە بە ڕێکەوتنی ناوەکی ئەوەمان سەلماند کە لایەنگری دانوستانین، بەڵام کێ دانوستانەکانی تووشی شکست کرد؟ حکومەتەکەی ترەمپ بوو کە ئامادەی دانوستان نەبوو.
ڕاشیگەیاند کە ئێران وەڵامی سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکان دەداتەوە و بە جۆربەجۆرکردنی هاوبەشە بازرگانییەکان، پەرە بە پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دەدات./.