بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەی لە گەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، بە ئاماژە بە ڕێکەوتن و لێک تێگەیشتنی سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ دەوحە، وتی: دەبێت خێرایی ببەخشینە ڕێکەوتنەکانی ئەم سەردانە و هیوادارین قەتەر بە جیدی لەم پێناوەدا هەنگاو بنێت، ئێمە جەخت لە سەر بەهێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتی دۆست و دراوسێ قەتەر دەکەینەوە.
ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران پابەندی بەڵێنەکانی خۆیە و ڕێکەوتنەکانی جێبەجێ دەکات و هیوادارین ڕێکەوتنە هاوبەشەکان بە تەواوی جێبەجێ بکرێن.
پزیشکیان بە ئاماژە بە بیرۆکەی پێشنیارکراوی خۆی سەبارەت بە یەکڕیزی ئیسلامی، وتی: خواستی ئێمە بوونی پەیوەندییەکی دۆستانەیە لە گەڵ برایانی موسڵمانی خۆمان و بە جیهانیان پیشان بدەین کە وڵاتانی موسڵمان دەتوانن لە گەڵ یەک و بە پاراستنی کەرامەتی یەکتر، لە ئاشتی و ئاسایشدا درێژە بە ژیان بدەین و ئاڵوگۆڕیان پێکەوە هەبێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بانگهێشتی میری قەتەری کرد کە سەردانی تاران بکات./.