بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان لە چاوپێکەوتنی بەسام سەباغ وەزیری دەرەوەی سوریا لە تاران، پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتی بەرفراوانتر لە پەیوەندییەکی دیپلۆماسی و بە پێی هاوبەشییە ئایینی، کەلتوری و مێژووییەکان ناو برد و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران خوازیاری پتەوکردنی پەیوەندییەکانە لە گەڵ وڵاتی دۆست و برادەر سوریا لە سەرجەم بوارەکاندا.
ناوبراو وتی: ئەگەر وڵاتانی ئیسلامی پێکەوە یەکڕیز و یەکگرتوو بن، ڕژیمی زایۆنیستی توانای ئەنجامدانی ئەم هەموو تاوانەی لە دژی ئەم وڵاتانە نییە.
پزیشکیان بە ئاماژە بە پەیامی ئاشتی و برایەتیی بۆ سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی، وتی: ئێمە ئامادەین لە سەر بنەمای ڕێز و دابینکردنی بەرژەوەندی بەرامبەر، پەیوەندییەکانمان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئیسلامی بە گشتی بەرفراوانتر بکەین و ئەم تێڕوانینەش بە تایبەت لە سەر سوریایە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەر بەردەوامی پشتیوانیکردنی وڵاتانی دۆست کردەوە و وتی: موسڵمانان بە یەکڕیزی دەتوانن سەرجەم پیلانەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی پووچەڵ بکەنەوە./.