بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل بەقایی ئەمرۆ پێنج شەممە ڕایگەیاند کە سەرەڕای داواکاری کۆمەڵگای جیهانی بۆ ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و پشتیوانی 14 وڵات لە ڕەشنووسی بڕیاری ئاگربەست، حکومەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دیمۆکراتەکان ڕێگری لە پەسەندکردنی کرد و بەمەش درێژەی بە هاوبەشی 13 مانگەی خۆی لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە داوە.
ناوبراو وتی: حکومەتی ئەمریکا بەم کارەی ئەوەی سەلماند کە هیچ بایەخێک بە گیانی خەڵکی مەدەنی نادات و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەش بە لایەوە گرنگ نییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئەم ڤیتۆ بێشەرمانە نەک تەنیا شکستێکی دیکەیە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە جێبەجێکردنی ئەرک و ڕاسپاردەکانی بە پێی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵکوو موڵەتێکی ئەمریکایە بۆ بەردەوامیدانی زایۆنیستەکان بە کوشتار و کۆمەڵکوژی و تاوانەکانیان لە کەرتی غەززە.
ڕاشیگەیاند کە ئەم ڤیتۆیە بە واتای پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی مافی مرۆڤ و سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە بۆ چوارەم جار ڕەشنووشی ئاگربەستی غەززەی کە لە لایەن 14 ئەندامی دیکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەکرا، ڤیتۆ کرد./.