بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە تێکڕای هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەم وڵاتە لە هەفتەی ڕابردوودا گەیشتووەتە 237 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا تێکڕای ڕۆژانە 6 ملیۆن و 737 هەزار بەرمیل نەوتی لە 10 وڵاتەوە هاوردە کردووە.
ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا ڕۆژانە 237 هەزار بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە هاوردە کردووە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە تێکڕای نەوتی هاوردەکراوی ئەمریکا لە عێراق لە هەفتەی پێشووتردا 131 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە کە زۆرترین هاوردەی نەوت لە هەفتەی ڕابردوودا لە کەنەدا بە 3 ملیۆن و 862 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، مەکزیک بە 768 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، بەرازیل بە 498 هەزار بەرمیل و کۆڵۆمبیا بە 414 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە.
ئەمریکا هەروەها لە هەفتەی ڕابردوودا بە شێوازی ڕۆژانە 355 هەزار بەرمیل لە ئیکوادۆر، 220 هەزار بەرمیل لە سعوودیە، 211 هەزار بەرمیل لە ڤەنزوێلا، 86 هەزار بەرمیل لە نایجڕیا و 86 هەزار بەرمیلیشی لە لیبیا هاوردە کردووە.
ئەمریکا بەکارهێنەرترین وڵاتی جیهانە لە بواری نەوتدا و ڕۆژانە 19 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل، واتە لە سەدا 19.7 ی کۆی گشتی نەوتی جیهان، بەکار دێنێت و لەم ڕووەشەوە لە پلەی یەکەمی جیهاندایە./.