بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، باکوری ئێران ناوچەیەکی ناوداری گەشتیارییە کە لە سەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی ناوبانگێکی زۆری هەیە.
ناودارترین شوێنە گەشتیارییەکانی باکوری ئێران
ڕامسەر
شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای مازەندەرانە لە باکوری ئێران و زۆرێک لە گەشتیاران سەردانی دەکەن، وەرزی هاوینی شێدار و فێنکە و وەرزی زستانی سارد و باراناوییە. ڕامسەر بە یەکێک لە جوانترین شارەکانی ئێران دادەنرێت کە ڕووەو دەریای قەزوینە، کۆشکی شای تێدایە کە کراوە به هۆتێلی گەشتیاری، هاوکات ئاوی گۆگردی و مۆزەخانە و کابینەی گەشتیاری تەلەفریک و دارستان لەخۆدەگرێت، ناوچەکانی (جەواهردێ و دووهەزار و سێ هەزار) سەر بە ڕامسەرن کە ناوچەی شاخاوی و سەوزایی گەشتیارین و دارستان و تاڤگەیان تێدایە. ڕامسەر بە دووری ٩٦ کیلۆمەتر لە شاری چالوسەوە دوورە.
چالووس
شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای مازەندەرانە لە باکوری ئێران و نزیکە لە دەریای قەزوینەوە، کەشێکی شێدار و تەماوی هەیە و وەرزی زستانی بەفراوی و باراناوییە و وەرزی هاوینی فێنکە و پلەی گەرمی مامناوەندە. سرووشتی ناوچەکە سەوزاییەکی زۆر لەخۆدەگرێت و شاخ و کێوی بەرز دەوری داوە. ڕێگای چالووس و تاڤگەکانی چالووس لە گەڵ دەریاچە و دارستانەکانی و کۆشکە مێژووییەکانی سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشن و سەردانیکەری زۆری هەیە.
دەریاچەی مالات
دەریاچەیەکی ناوداری سەر بە ناوچەی نوورە لە مازەندەران و بە دووری هەشت کلۆمەتر لە ناوچەی نوور دوورە، ڕەنگی شینێکی پیرۆزەیی هەیە و لە سەر دەریاچەکە بەنداو درووستکراوە. لە سەر دەریاچەکە بەلەمی پەڕینەوە و خواردنگەی لێیە، هاوکات دەوروبەری دەریاچەکە سەوزاییە و چالاکی ئەسپسواری و کابینەی گەشتیاریشی بۆ دابین کراوە. وەرزی بەهار باشترین وەرزی ساڵە بۆ سەردانیکردنی شوێنەکە.
مازندەران
پارێزگایەکی گرنگی باکوری وڵاتی ئێرانە و بە یەکێک لە گرنگترین ناوچە گەشتیارییەکانی ئێران دادەنرێت، ساڵانە لە دەرەوە و ناوەوەی ئێران گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن. مازەندەران ٢٢ شار لەخۆدەگرێت و سرووشت و هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکانی هاوکارە لەوەی کە شوێنەکە ببێتە ناوچەیەکی گشتیاری و زۆرێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی باکوری ئێران لە ڕووی کارگڕییەوە سەر بەم پارێزگایەن./.