بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی حەماس و حزبوڵڵای لوبنان، بەدەر لە زیانە مرۆییەکان و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر کە ئەندامانی سوپای ڕژێمی داگیرکار، زیانێکی زۆری ئابوریشی بەو ڕژێمە گەیاندووە.
خەرجییە سەربازییەکان زیادی کردووە و گەشەکردن وەستاوە، بەتایبەتی لە ناوچە سنورییە بێ دانیشتووەکاندا. شارەزایانی ئابوری دەڵێن، ئەگەری ئەوە هەیە ڕژێم ڕوبەڕوی کەمبوونەوەی وەبەرهێنان و باجی زیاتر ببێتەوە، چونکە شەڕەکە بودجەی حکومەت دەچەوسێنێتەوە و هەڵبژاردنی سەخت لە نێوان بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان و سەربازیدا درووست دەکات.
ئەو تێچووە داراییانەی کە ڕژێمی زایۆنیستی لەم شەڕەدا ڕوبەڕوی بووەتەوە، ئەمانە دەگرێتەوە:
زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکان:
حکومەتی ڕژێمی زایۆنیستی مانگانە زۆر زیاتر لە ملیارێک و 800 ملیۆن دۆلار بۆ سوپا خەرج دەکات. بە پێی زانیارییەکان ساڵی ڕابردوو 27.5 ملیار دۆلاری بۆ بواری سەربازی خەرجکردووە و لەم بوارەدا لە پلەی 15ی جیهاندا لە دوای پۆڵەندا بەڵام لە پێش کەنەدا و ئیسپانیاوە کەوتووە، کە هەموویان ژمارەی دانیشتووانیان زیاترە.
خەرجییە سەربازییەکان وەک ڕێژەیەک لە بەرهەمی ئابوری ساڵانە لەسەدا ٥.٣ بووە، لە کاتێکدا بۆ ئەمریکا لەسەدا ٣.٤ و بۆ ئەڵمانیاش لەسەدا ١.٥ بووە، بە بەراورد بە ئۆکرایناش کە لەسەدا ٣٧ی بەرهەمی ناوخۆیی و زیاتر لە نیوەی کۆی بودجەی حکومەت بۆ شەڕەکەی لە گەڵ ڕووسیا تەرخان کردووە، ڕێژەیەکی بەرچاوە.
زیانەکانی شەڕ بۆ گەشەکردن و دابینکردنی هێزی کار:
بەرهەمی ئابوری ڕژێمی زایۆنیستی لە ماوەی سێ مانگی دوای دەستپێکردنی شەڕدا بە ڕێژەی ٥.٦ لەسەد کەمی کردووە و ئەمەش خراپترین ئاستی لە نێوان ٣٨ وڵاتی ڕێکخراوی گەشەپێدان و هاوکاری ئابوریدا بووە. ئابوری تا ڕادەیەک بوژانەوەی بەخۆیەوە بینی و لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا گەشەی لەسەدا ٤ بوو، بەڵام لە چارەکی دووەمدا تەنها لەسەدا ٠.٢ گەشەی کرد.
هەروەها شەڕەکە زیانێکی زۆری بە ئابوری غەززە گەیاندووە، کە لەسەدا ٩٠ی دانیشتوانی غەززە ئاوارە بوون و زۆرینەی ڕەهای هێزی کار بێکارن. ئابوری کەرتی ڕۆژئاواش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و لە دوای 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە دەیان هەزار کرێکاری فەڵەستینی لە خاکی داگیرکراودا کارەکانیان لەدەستداوە. بانکی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئابوری کەرتی ڕۆژئاوا لە چارەکی یەکەمدا بە ڕێژەی 25% بچووک بووەتەوە.
سەپاندنی بارگرانییەکی قورسی ئابوری بەسەر خاکە داگیرکراوەکاندا:
وەرگرتن و درێژکردنەوەی خزمەتی سەربازی، دابینکردنی هێزی کار کەمدەکاتەوە. نیگەرانییە ئەمنییەکان ڕێگری دەکەن لە وەبەرهێنان لە بازرگانی نوێدا و پچڕانی گەشتە ئاسمانییەکان وایکردووە زۆرێک لە گەشتیاران دوور بخەنەوە، ئەمەش کاریگەری لە سەر پیشەسازی گەشتیاری دروستکردووە. هاوکات حکومەت پارەی خانووبەرە دەدات بۆ هەزاران کەس کە ناچارن ماڵەکانیان لە نزیک سنوری غەززە و ناوچە نزیکەکانی ململانێ لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان بەجێبهێڵن.
یەکێک لە نیگەرانییە گەورەکان بەردەوامی شەڕەکەیە کە زیاتر لە ساڵێکی خایاندووە. ئابوری ڕژێمی زایۆنیستی لە دوای شەڕی ساڵی ٢٠٠٦ لە گەڵ حزبوڵڵا لە باشوری لوبنان بە خێرایی بووژایەوە، بەڵام ئەم ململانێیە تەنیا ٣٤ ڕۆژی خایاند. لە ٢٧ی ئەیلولدا، کۆمپانیای موودیز ڕێتینگز ئاماژەی بەو بیرۆکەیە کرد کە پلەی دارایی حکومەتی تەل ئەبیبی بە دوو پلە دابەزاندووە.
داڕمانی ئابوریی ڕژێمی زایۆنیستی:
پێشبینی دەکرێت قەرزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بگاتە ٨٠%ی بەرهەمی ناوخۆیی، بەو گریمانەیەی کە شەڕەکە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرە نەسەنێت و ڕەنگە تا کۆتایی ساڵی داهاتوو جۆرێک لە ئاگربەست یان بە دەرئەنجام بگات، ئەگەرنا تێچووی بەرگری زیاتری لێدەکەوێتەوە.
موودیز ئامارەکانی کورتهێنانی بودجەی ڕوبەڕوی پرسیار کردووەتەوە و پێشبینی کورتهێنانی لە سەدا 6 ی بۆ ساڵی داهاتوو کردووە. سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندیی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە قەیرانی دارایی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی قەرزکردن، بەو مانایەی کە پێدەچێت زایۆنیستەکان کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زیادبوونی باج ببینن.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەسۆشێتدپرێس، یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ڕژێمی زایۆنیستی پێش شەڕ، بە پشتبەستن بەو ڕێکەوتنەی کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما واژۆ کرابوو، ساڵانە نزیکەی ٣.٨ ملیار دۆلار بووە. ئەمەش نزیکەی 14%ی خەرجییە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە پێش شەڕەکەیە کە زۆربەی دەچێتە سەر کۆمپانیاکانی بەرگری ئەمریکا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن پرۆژەی خەرجییەکانی شەڕەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززە و پەرەسەندنی ململانێکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لانیکەم ١٧.٩ ملیار دۆلاری وەک هاوکاری سەربازی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی خەرج کردووە.
دوای ساڵێک لە کۆمەڵکوژیی غەززە و دڕندەیی لە کەرتی ڕۆژئاوا، ئێستا تەواوی ناوچەکە لە لێواری ئاگرێکی کارەساتباردایە. لە کاتێکدا ئەوە خەڵکی فەڵەستین و ئێستا لوبنانن کە باجێکی ترسناکیان لەم پێناوەدا داوە، بەڵام گرنگە ئاماژە بەو گرژییە کۆمەڵایەتییە بەرچاوانە و جیاوازییە سیاسییە جیدییانە بکەین کە لە کۆمەڵگەی زایۆنیستیدا سەریانهەڵداوە.
زیادبوونی ناڕەزایی و نادڵنیایی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا:
ڕوونە کە ئاستێکی زۆر بەهێزی ناڕەزایی و نادڵنیایی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا دەبینرێت. ئۆپەراسیۆنی درێژخایەنی سەربازیی ڕژێمی زایۆنیستی کە لە سەرەتای دامەزرانی ئەم ڕژێمەوە بێوێنە بووە، کاریگەرییەکی گەورەی ئابوریی هەبووە و زیانێکی قورسی لە سەر چالاکی ئابوری و گەشەسەندنی دەبێت.
ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی، کۆچی پزیشکان و پسپۆڕانی دیکەی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بە هێمایەکی نیگەرانی لە بارودۆخی ئێستای ئەم ڕژێمە ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەوان هەست بەوە دەکەن داهاتوویەکیان لەم ڕژێمەدا نییە. لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە زایۆنیستەکان ناوچە داگیرکراوەکانیان بە جێهێشتووە و لە سەدا 80 ی ئەوان ویستی گەڕانەوەیان نییە.
مێژوونووسی زایۆنیستی دژە زایۆنیزم بەدواداچوون بۆ ئەو درزانە دەکات کە لە کۆمەڵگای زایۆنیستیدا کراونەتەوە و وەک بەڵگەی دابەشبوونێکی بنەڕەتی کە لێکەوتەی کوشندەی بۆ مانەوەی درێژخایەنی پڕۆژەی زایۆنیستی دەبێت، دەیخاتە ڕوو. ئەو دەنووسێت و ئەم جیاوازییە بە “شکاندنی کۆمەڵگەی جوولەکەکانی ڕژێمی زایۆنیستی” وەسف دەکات.
پاش ساڵێک لە هێرشی سەربازی ڕژێمی زایۆنیستی، ناوچەکە بووەتە ناوچەی سووتاندن و خودی ڕژێمی زایۆنیستی لە چنگی لاوازییەکی قووڵی ئابوری و قەیرانێکی قووڵی کۆمەڵایەتی و سیاسیدایە. دڕندەیی ڕژێمی زایۆنیستی ناتوانرێت باس بکرێت و ڕۆڵێکی زۆر مەترسیدار دەگێڕێت. بەڵام لە هەمان کاتدا ڕژێمی زایۆنیستی لە ناسەقامگیرییەکی قووڵدایە کە داهاتوویەکی ڕوونی بۆ نابینرێت./.