بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ عەبدوڵڵا بوحەبیب وەزیری دەرەوەی لوبنان، سەبارەت بە دۆخی پاش ئاگربەستی ئەم وڵاتە بیر و ڕای ئاڵوگۆڕ کرد.
عێراقچی لەو وتووێژەدا وێڕای پێشوازی لە ڕێکەوتنی ئاگربەست، ئەم سەرکەوتنەی بە دەرەنجامی خۆڕاگری کەم وێنەی گەل و تێکۆشەرانی حزبوڵڵا لە گۆڕەپانی شەڕ و هەوڵی سیاسی نەبیە بەری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان و حکومەتی ئەم وڵاتە ناو برد و جەختی لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پشتیوانیکردنی گەل، حکومەت، سوپا و خۆڕاگری لوبنان کردەوە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە ئەزموونی پابەندنەبوونی ڕژێمی زایۆنیستی بە ڕێکەوتن و ئاگربەستەکانی ڕابردوو، جەختی لە سەر ووشیاری و چاودێری جیدیی لوبنان لەم بوارەدا کردەوە.
سەید عەباس عێراقچی بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ئێستای سوریا و چالاکبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، ئەم ڕووداوانەی بە پیلانێکی هاوبەشی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ تێکدانی دۆخی ناوچە ناو برد.
وەزیری دەرەوەی لوبنانیش لەو وتووێژەدا ڕاپۆرتێکی لە سەر دوایین دۆخی ئەم وڵاتە لە پاش جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست خستەڕوو و سوپاسی پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە تایبەت لەم شەڕەدا کرد./.